محەمەد بەرزی
پەیوەندی و کێشەی خراپ و ناتەندروستی ناو خێزان وەک: شەڕ و هەرا و ململانێی نێوان دایک و باوک و جیابوونەوە . بوونی ناسەقامگیری و ژاوەژاو و ناتەبایی نێوان ئەندامانی خێزان و پشتگویێ خستنی منداڵ و کێشەی هەژاری و بێ بژێوی، ڕاستەوخۆ کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر مێشک و لاوازکردنی گەشەکردنی منداڵ هەیە.
هۆکارێکیشە منداڵ تووشی نەخۆشی دەروونی بکەن، لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و مەترسی و سەرهەڵدانی چەندین کێشەی گەورە و گران دەبنەوە وەک : سۆزداری و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ڕەفتاری شەڕەنگێزی و بێ توانایی لە دەربڕینی هەستەکانی خۆیاندا و خۆبەکەمزانیین و گۆشەگیری و دروستنەکردنی پەیوەندی ڕاست و دروست لە تەمەنی گەورەیی دا، پاشان ئالوودەبوونیش بە بەڵای ماددە هۆشبەرەکانەوە. سەرئەنجامیش نەوەیەکی خراپ و لاساری دەست و پیێ سپی پەروەردە دەبێت، کە بە دەست مۆتەکەی نەزانینەوە دەناڵێنن و ئەستێرەی بەختیان بەرەو تاریکی دەڕوات . واتە منداڵانی خێزانە نائارامەکان تووشی سەرگەردانی و کێشەی ڕێکخستنی هەستەکانیان دەبن، هەمیشە خۆیان بە بچووک دەزانن و ناشتوانن لە پەیوەندییەکانیاندا سەرکەوتووبن، چونکە کیشەکانی ناو ماڵ، بە تایبەتیش پەیوەندی خراپی نێوان دایک و باوک ، کەشێکی نالەبار و ئاڵۆز و ناجێگیریی وا دروست دەکات، منداڵ هەست بە نائارامی بکات و متمانەیان بە خۆیان نەمێنێت و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ناو ماڵ و ڕەوتی گەشەکردنی منداڵ بە تەواوی بشێوێنن، لە ئەنجامدا دەبن بە خەم و مەراق و بارگرانی و کێشە و دەردە سەری زۆر بۆ خێزانەکانیان و دواڕۆژێکی زۆر خراپی پــڕ کێشە چـــاوەڕوانیان دەکــات.
بێگومان توێژینەوەکان ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکەن، ئەو منداڵانەی هەست بە پشتیوانی دایک و باوکیان دەکەن و لە ژینگە و باوەشێکی پڕ لە پشتیوانی و خۆشەویستی دا گەورە دەبن، هەست بە بوونی خۆیان دەکەن و دەتوانن پەیوەندی تەندروست و بەهێز لەگەڵ دەورووبەر و هاوتەمەنەکانیانی خۆیاندا دروست بکەن. ئامادەن باشتر دەست بە خوێندن بکەن و زووتر فێربن و لە قوتابخانەشدا لە ڕیزی پێشەوەدابن و ئەگەری سەرکەوتنیان زیاترە و ڕەنجیان بە زایە ناچێت، لە هاوڕێیەتیشدا گونجاون و خۆیان لە کێشە بە دوور دەگرن و باشتر بەسەر گرفتەکانیاندا زاڵ دەبن و داهاتوویەکی باش و ڕووناک چاوڕوانییان دەکەن و ناشبن بە مایەی سەرئێشە بۆ خێزانەکانیان.
بە کورتی ناکۆکی نێوان خێزان، بە تایبەتیش نێوان دایکان و باوکان، کە شەڕ و لێدان و هاوار هاوار و قسەی ناخۆش دەگرێتە خۆیان ، کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر منداڵ هەیە. سەرباری ئەوەی مەترسی لەسەر جیابوونەوە و یەکپارچەیی خێزان دروستدەکات. لە ئەنجامدا منداڵ تووشی سەرگەردانی و کیشەی جۆراوجۆری تەندروستی دەکات وەک : تێکچوونی خەو و کێشەی بیرکردنەوە. لە هەندێک منداڵدا ئەو کێشانە دەبن بە هەوێنی شەڕانگێزی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، سەرباری ئەوەی لەو جۆرە حاڵەتانەدا دایک و باوک ناپەرژێنە سەر منداڵەکانیان و پشتگۆییان دەخەن، لە ئەنجامیشدا پەیوەندییەکی باش و تەندروست لە نێوان منداڵ و دایک و باوکدا دروست نابێت.
ئەوەی شایانی باسە هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: ( هەڵسوکەوتی خــراپــی دایک و باوک ، بە تایبەتیش کاتێک شەڕدەکەن، هەتا منداڵی شەش مانگیش نیگەران دەکەن ). سەرباری ئەمەش ئەو ڕاستییەش دەسەلمێنن: ( ئەو منداڵانەی لەگەڵ دایک و باوکی ڕاستەقینەی خۆیاندا ناژین، بە بەروارد بەو منداڵانەی لەگەڵ دایک و باوکی ڕاستەقینەی خۆیاندا دەژین، لە هەموو بوارەکاندا لە دواوەن ). ئـاخر دایـک و بـاوک یەکەم مامۆستای منداڵن . منداڵیش لە ڕێگای هەڵسوکەوتی ئەوانەوە فێری ئەوە دەبێت: چۆن پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا بکات. بە تەواوی متمانەیان بە خۆیان هەبێت و بە دوای هاوڕێیەتیدا بگەڕێن و هەست بــە ئاسودەیـی بکەن. بۆیە پێویستە لە ڕێگای خێزانەوە فێری دروستکردنی پەیوەندی و پاراستنی پەیوەندی بکرێن. پاشان کەشوهەوای ئارامی پڕ سۆز و خۆشەویستی ناو ماڵ، کارێک دەکەن منداڵ هەست بە بوونی خۆی بکات و پەیوەندی باش و تەندروست لە دەورووبەری خۆیدا دروست بکات. هەر بۆیە دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی خێزان و بەسەربردنی کات بەیەکەوە، ڕێگا بۆ منداڵان ئاسان دەکات هەستەکانیان دەرببڕن و پەرەی پیێ بدەن.
لە دواجاردا: گرنگترین ئەرکی دایک و باوک بەرامبەر بە منداڵ، خۆشەویستی و کۆمەک و پشتیوانییە لە سایەی ماڵێکی پڕ لە ئارامیدا. پاشان لە ڕێگای پشتگیری و ڕێنمایی تەندروستی بەردەوامەوە، دایک و باوک دەتوانن نەوەکانیان بۆ سەرکەوتن و دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک ئامادە بکەن. بە پیچەوانەشەوە لە ماڵێکدا، کە یەکەم قوتابخانەی پەروەردەکردنی منداڵە و بەردەوام پڕبێ لــە شــەڕ و ئاژاوە و نــاکۆکی، زۆر گران و ئەستەمە چاوەڕوانی منداڵی بــاشی لێ بکرێت، چونکە خێزانێک لەناوخۆیدا تەبا و هاوئاهەنگ نەبێ، مەحاڵە بتوانێت منداڵێک پەروەردەبکات چاوی هیوا و ئومێدیان لەسەربێت.
تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .