هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 درا.
وەزارەتەکە دەشڵێت: خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە 10 ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
ئەوەش هاتووە: بەپێی یاسای چاکسازی پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی 2020 ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت.