دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز 

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم بۆ سێ مانگی یەکەمی 2024 لەبارەی داهات و خەرجیی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی یەکگرتوو لەلایەن بەڕێزان فەریق سلێمان سەرپەرشتیاری دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی و سەفین غەفوور ڕاوێژکار لە نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران خرایە ڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و فیدڕاڵ لە پێناو لابردنی هەر ئاستەنگێکی تەکنیکی لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لە کاتی خۆیدا، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە بەرپرسیارێتی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە 30 ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیاریە داواکراوەکان ڕەوانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوورگیراوە لە ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حکومەت بەو پێیەی مووچە، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت. لە هەمانکاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لەبەرامبەر وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ جێبەجێکردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم  بە گشت زانیاریيەکانی تۆمارکراو لە داتابەیسی بایۆمەتریی ودوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی ، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە کاتی خۆیدا و هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە .

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە ، كە نابێت بەهیچ جۆرێک، هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ، چونکە دڵنیاین، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدڕاڵ پێشکەش دەکەن،  بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت،  وەزارەتەکانیش لە نزیکەوە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا دەکەن بۆیە نابێت ڕاپۆرتەکانی چاودێری دارایی، ببنە هۆکاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمدا، بەڕێز ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو  تایبەت بە  یەکخستنی ڕێکار وڕێنماییە داراییەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیی لە بواری دارایی گشتیی وسیستمە ژمێریاریەکان بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی دەستووریی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکارییەکانی خستەڕوو.

 ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەماهەنگیی لەگەڵ دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بکەن بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی بڕیارێک لەمبارەیەوە، تا لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و بڕیاری پێویستی لە سەر بدرێت.  

بڕگەی سێیەم تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگیی نێوان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی دوا کۆبوونەوەی هاوبەش لە ڕێککەوتی 8/14 و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوە تایبەت بە ئەرک و ڕۆڵی وەزارەتەکانی هەرێم لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی لۆجستی بۆ کۆمسیۆن لە پێناو سەرخستنی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20 ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ. 
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و  دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە. 

دوا بڕگەی کۆبوونەوە، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بوو لەلایەن بەڕێز کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سەبارەت بە پرۆسەی کڕینەوە و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران.

ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازیی و دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپارد پێکەوە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەبازاڕکردنی ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم کە لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە وەرنەگیراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی کڕینەوەی گەنم لە لایەن کەرتی تایبەتی هەرێم کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەم مەبەستە،  لە ئێستاشەوە پلانی پێویست دابنێن بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتووی جووتیاران و لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ پاراستنی مافی جووتیارانی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP