هەرێم نیوز
بە مەبەستی خستنەڕووی دوایین پێشھاتە سیاسییەکان و ھەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستا و بەرچاوڕوونیی زیاتر بۆ ئەرک و ھەنگاوەکانی ئاییندە، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادرانی لقەکانی 2، 16، 23 و 24ی سنووری هەولێر كۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەكەدا کە بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و كۆمیتهی ناوهندیی پارتی ئامادەی بوون، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە پارتی وەک حزبێکی بەرپرسیار و نوێنەری ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستان، ھەر وەک چۆن پێشتر و ئێستاش جێگای متمانە و ئومێد و داینەمۆی پاراستنی کوردستان و ئارامییەکەی بووە، بە ھەمان شێوە لە سایەی ڕابەرایەتیی (سەرۆک مەسعود بارزانی) بە باوەڕبەخۆبوونی تەواو و پشتیوانیی خوای گەورە و ھیمەتی جوامێرانە و دڵسۆزانەی سەرجەم کادر و ئەندام و لایەنگرانی و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان، بۆ زیاتر پاراستنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و زیاتر گەشەپێدانی و درێژەپێدانی چاکسازی، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.
جێگری سەرۆکی پارتی جەختی کردەوە، دەبێت ھەڤاڵانی پارتی، لە ھەموو کەس و لایەنێکی دیکە زیاتر دەرک بە ئەرک و بەرپرسیارێتی گەورەی سەرشانیان بکەن، بە کردەوەش دووپاتی بکەنەوە بۆ کوردستانێکی بەھێز و سەقامگیر و پێشکەوتوو و حوکمرانییەکی سەرانسەری خزمەتگوزار ههنگاو بنێن.
جێگری سەرۆكی پارتی هەروەها گوتی: "پێویستە و دەبێت بە پشتیوانیی خهڵك، پارتی بەھێز بێت و له ئاستی ئهو متمانەیەی خەڵک دابێت كه له پرۆسه دیموكراسییهكان، جهماوهری كوردستان به پارتی دهبهخشن، پاراستنی ئارامی و سهقامگیریی كۆمهڵایهتی خهڵكی كوردستان له ئهستۆی كادیرانی پارتییه و دهبێت له ئاستی ئهو بهرپرسیارهتییه بن، چونکە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە."