هەرێم نیوز
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە نادەن نرخی بەنزین بە بەرزی بمێنێتەوە و سەرۆکوەزیرانیش جەختی لە چارەسەرکردنی ئەو گرفتە کردووەتەوە، هاوکات ئاشکرای دەکات تیمی تەکنیکیی حکوومەت بۆ پرسی مووچە و تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەغدایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 7ـی 2026، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن نرخی بەنزین بەو شێوەیە بە گرانی بمێنێتەوە و چارەسەری گونجاو دەکەن، هەروەها دڵنیاییشی دا کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر چارەسەرکردنی ئەم گرفتە زۆر جدییە.
لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ خاوەن بەنزینخانەکان، گوتەبێژی حکوومەت وتی، گوێیان لە خاوەن بەنزینخانەکان گرتووە و نایانەوێت غەدر لە هیچ کەسێک بکرێت، چونکە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
ڕوونیشی کردەوە کە پێویستە بازرگانان و خاوەن بەنزینخانەکان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کەمێک لە قازانجەکانیان کەم بکەنەوە، لە بەرامبەریشدا حکوومەت هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات.
سەبارەت بە پرسی مووچە و بودجە، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد کە "میزان مراجعەی" مووچە بۆ بەغدا نێردراوە و تیمی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە.
وتیشی داوایان کردووە پێداچوونەوە بە بابەتی ئەو 120 ملیار دینارەدا بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا هیچ وەڵامێکی فەرمیی نەداوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی حکوومەت باسی لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن و لایەنگری هیچ لایەنێک نین، بەڵکو دەیانەوێت هەرێمەکە لە ململانێکان بەدوور بێت.