هەرێم نیوز
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەریی سووریا ڕایدەگەیەنێت، سستی لە ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەیە، بەڵام هێشتا ئومێدیان پێی ماوە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە هەوڵی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل دەدەن بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مافەکانیان بن لە جۆلان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 7ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەریی سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلجەزیرە) ڕایگەیاند، هەرچەندە سستییەک لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدەدا دەبینرێت، بەڵام هێشتا ئومێدیان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە هەڵچنیوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەیەکی پسپۆڕیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆسیەی بێسەروشوێنکراوان پێکهێناوە.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەڤیڤ، ئەحمەد شەرع ڕوونیکردەوە کە وڵاتەکەی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور دەگرێت، چونکە هیچ بەرژەوەندییەکیان لەو کارەدا نییە.
ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا کار دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەشداریی کۆمەڵێک دەوڵەت، کە ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئاشتییەکی گشتگیر بەبێ دەستبەرداربوون لە مافی سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆککۆماری ڕاگوزەریی سووریا باسی لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و بەغدا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەردەوام لە باشتربووندایە. سەبارەت بە دۆخی لوبنانیش ڕایگەیاند، پشتیوانی لەوە دەکەن کە دەسەڵاتی بەکارهێنانی چەک و بڕیاردان لەسەر جەنگ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەوڵەتی فەرمیی لوبناندا بێت.