هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد و ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم بە هەموو جۆرێک پابەندە بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی تەمموز، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی دەستەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو. لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی کرا.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دووپاتکردنەوە لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئامادەییی حکومەتیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاری و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ دەستەی دەستپاکی لەپێناو درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپات کردەوە.