هەرێم نیوز
بارزانی پێشوازی لە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، لە دیدارێکدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بریتانیا کرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 7ـی 2026، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بارزانی پێشوازی لە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و بۆ ماڵئاواییکردن سەردانی کردبوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کونسوڵی گشتیی بریتانیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە لە ماوەی کارکردنیدا پاڵپشتی بوونە، هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردووەتەوە و هیوای سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوامی بۆ هەرێمی کوردستان خواستووە.
لە بەرامبەردا، سەرۆک بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی بریتانیای کرد بۆ ئەرکەکانی لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست. هاوکات جەختی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بریتانیا کردەوە و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستە مێژووییەکانی حکوومەت و گەلی بریتانیا بەرامبەر گەلی کوردستان دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە، دواپێشهاتەکان و ئاڵنگارییەکان وەک تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تاوتوێ کران.