دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

پزیشکیان چۆن و بۆچی هاتە هەرێمی کوردستان؟

هەرێم نیوز

 تەنها پاش تێپەڕینی 45 ڕۆژ لە دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان لەسەر داوای فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم گفتوگۆی دۆستانە و ئەرێنی ئەنجامدا.

مەسعود پزیشکیان، کە لەدایکبوو و گەورەبووی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، یەکەم سەرۆککۆماری ئێرانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

پزیشکیان لە درێژەی گەشتەکەی بۆ عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە هاتە هەرێمی کوردستان. سەرەتا لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە، پرسە ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد.

دواتر بە جیا لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بارزانی بانگهێشت کرد سەردانی تاران بکات.

دواتر سەردانی سلێمانی کرد و ڕۆشتە سەر مەزاری مام جەلال سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو سنوورەش کۆبووەوە.

پزیشکیان نەک بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەوە ناسراوە کە دەیەوێت لەگەڵ هەموو وڵاتانی ڕۆژئاواش پەیوەندییەکانی کراوەتر بکات و باشتری بکات. هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان و باشبوونی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەرخەری هێزی دیپلۆماسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە دروستکردنی پەیوەندی بەهێزی دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.

میدیای ئێرانی بەسەرنجەوە باسیان لەوە کرد پزیشکیان بەزمانی کوردی قسەی کردووە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها سەرسامی خۆیان بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕی کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەفارسییەکی زۆر ڕەوان لەپاڵ پزیشکیان قسەی کردووە.

پزیشكیان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر، بە زمانی کوردی، بە ڕۆژنامەنووسانی وت: هاتووین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق، هەرێمی کوردستان و هەولێر باشتر بکەین. وتیشی: پشت بە خوا هەموو ئەو کێشانەی تاوەکو ئێستا هەبوون، بە تەواوی لەنێویان دەبەین.

ئێران نزیکەی هەزار و 450 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، 550 کیلۆمەتری لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، حەوت دەروازەی سنووری لەنێوانیاندا هەیە و قەبارەی بازرگانیی نێوانیان زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارە.

هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەشت دەروازەی سنووری لەنێوانیاندا هەیە، چواریان فەرمین و بریتین لە باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و شوشمێ ، چواریشیان لاوەکین وەک، سەیرانبەن، پشتە و کێلێ و سازان.

لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لە ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی فەرمی پێشکەشی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران کرد، بەڵام مەرگ ڕێگەی پێنەدا ئەو سەردانە بکات، دواتر لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری نوێ،  نیچێرڤان بارزانی بانگهێشتنامەی پێشکەشی ناوبراو کرد.

پرسى بازرگانی و ئابووری نێوان ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەجێندایەکى سەرەکى سەردانەکەى مەسعود پزیشکیانە، سێ بەرپرسى تایبەتمەندى ئەو دوو بوارە یاوەریى دەکەن.

هەریەکە لە فەرزانە سادق، وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان، عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری و محەمەد رەزا فەرزین، پارێزگارى بانکی ناوەندیی ئێران، یاوەرى پزیشکیانن.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ڕۆڵی ئێران رایگەیاند "هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لە پشت خۆمانەوە بینیوە. ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە مێژوودا سەرۆککۆمارێکی ئێران سەردانی هەولێر کرد، بۆیە بۆ ئێمە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی بوو".

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP