یەکەم تاقیکردنەوەی زەیدی بەرامبەر فشارەکانی پترایۆس و تۆم باراک.!
١- بەشێک لە ئاییندەی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی پەیوەستە بە پڕۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەی حەشدی شەعبی و ڕزگارکردنی لە هەژموونی ئێران، ویلایەتەیەکگرتووەکان بەمشێوەیە دەربارەی ئەم دامەزراوەیە دەڵێت و دەیەوێت.!
٢- ئەستۆپاکی (إخلاء مسؤولية): هەموو ئەوەی لەم وتارەدا هاتووە ڕوونکردنەوەی تێڕوانینی ویلایەتەیەکگرتووەکانە، کە پێشکەشی هێزە سیاسییەکانی کردووە، نەک تێڕوانین یان هەڵوێستی تایبەتی من بەرامبەر بەم دامەزراوەیەی، کە شەهیدی داوە لە پێناو ڕزگارکردنی عێراق.
٣- دەیڤد پێترایۆس نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر هاتە بەغدا و لەگەڵ گروپێکی زۆر لە سەرکردەی هێزەسیاسییەکان کۆبووەوە، بیرۆکەی دروستکردنی "وەزارەتی ئەمن بۆ کاروباری فیدراڵی" -یان هەر ناوێکی تر و پێکهاتەیەکی تر- خستەڕوو، کە تێیدا دامەزراوەی حەشد و چەند دامەزراوەیەکی تریش تێکەڵدەکرێن و ئەفسەرێکی خاوەن پلەی باڵا، کە لە دەرەوەی سیستەمی "حەجاج" بێت سەرکردایەتی دەکات.
٤- ئامانجی پترایۆس لە ئەندازیاریکردنی ئەم ڕێڕەوە ئەمن و نەرمە، دەرهێنانی دامەزراوەی حەشدە لە ژێر کاریگەریی ئێران، وەک ئەوەی ئەمریکییەکان دەربارەی ئەم دامەزراوەیە دەڵێن و بە سیاسییەکانی عێراقیان گوتووە. نازانم سیاسییەکانی عێراق ئەم تۆمەتەیان قبوڵکردووە یان هەروا قوتیان داوە؟!
٥- دەرهێنانی ئەم دامەزراوەیە لە کاریگەریی ئێران -وەک ئەمریکییەکان دەڵێن- دەبێت لە ڕێگەی کۆتاییهێنان بە کاریگەریی فەرماندەی لیوا و فەوجەکان و حزبەکان بێت بەسەر کارمەندەکانیانەوە لە کاتی هەڵبژاردندا (وەک کۆکردنەوەی کارتەکانی دەنگدان و ئاڕاستەکردنیان بۆ کاندیدی دیاریکراو)، هەروەها نیشتەجێکردنی مووچەکانیان (توطين)، تاوەکو بۆ مەرامی دارایی و سیاسیی بەکارینەهێنن.
٦- بیرۆکە ئەمریکییەکە لەسەر ئەوە وەستاوە، کە کۆتایی بەو "ئابوورییانە" بهێنرێت، کە سەرکردەکانی ئەم دامەزراوەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەی دەبەن و هەماهەنگییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، وەکچۆن ئەمریکییەکان هەمیشە تۆمەتباریان دەکەن.!
٧- بیرۆکەکە هەروەها دەڵێت پێویستە کۆتایی بە ڕۆڵی سیاسیی ئەم دامەزراوەیە بهێنرێت و هەموو ئەو حزبانە وەلا بنرێن، کە پشتیان بە دەنگی کارمەندانی ئەم دامەزراوەیە بەستووە.
٨- ئەم ڕێڕەوە لە ناوخۆدا "کۆنترۆڵکردنی" گروپەسیاسییە چەکدارەکانی تێدایە و لە دەرەوەش گەمارۆدانی زیاتری ئێران و فشار خستنەسەری بۆ کۆتاییهێنان بە توانای قاچاخچێتی نەوت و دۆلار.
٩- دەیڤد پێترایۆس "پەڕەی وەرچەرخانێکی ڕوون" دەداتە تۆم باراک. تۆم براک بەمزووانە دەگاتە بەغدا و ئەو پەڕەیە دەگۆڕێت بۆ داواکاری و ڕێڕەوێکی ڕوون، کە پێویستە عەلی زەیدی بڕیاری لەسەر بدات و هێزەسیاسییەکان و هێزە سیاسییە چەکدارەکانی پێ قایلبکات.
١٠- ئەمریکییەکان دەڵێن ئەگەر ئەم بژاردەیە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا ویلایەتەیەکگرتووەکان و ڕەنگە ئیسرائیلیش بە کردەوەی ڕەق و ڕاستەوخۆ (بە ئامانجگرتن) ئەو ئەرکە ئەنجام بدەن، کە ئەمەش کاریگەریی تەواوی دەبێت لەسەر ئاییندەی زەیدی و چانسی سەرکەوتنی.
١١- ئەم ڕێڕەوە تەنیا باسی "حەشدی شەعبی" دەکات لە ماوەیەکی کورتدا، بەڵام فەسیلەکانی میحوەرەی مقاوەمە، چیرۆکێکی جیاوازن و بە بنەڕەتدا ڕەتیدەکەنەوە باس لەم بابەتە بکەن.
ئایا لایەنە کاریگەرەکانی ناو ئەم دامەزراوەیە بەم گواستنەوەیە ڕازی دەبن و تەسلیمی دەبن؟!
و:یادگار عەلی