دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئایا ئەحمەدی نەژاد بەشێک بووە لە پلانی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران؟

هەرێم نیوز 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل و ئەمریکا، لە کاتی داڕشتنی پلانی هێرشکردنە سەر ئێران، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێرانیان وەک یەکێک لە بژاردەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە دوای هێرشە سەربازییەکە دیاری کردبوو، بەڵام ئەم پلانە هەر زوو شکستی هێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی تەلئەبیب و واشنتۆن لە قۆناغێکدا گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە ناوبراو دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگدا بگێڕێت.

ڕۆژنامەکە لە بەدواداچوونەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشە ئاسمانییەکانی سەرەتای جەنگەکە بۆ سەر ماڵی ئەحمەدی نەژاد لە گەڕەکی نارمەکی تاران، لە ڕاستیدا هەوڵێک بووە بۆ ڕزگارکردنی ناوبراو لە دەستبەسەریی ماڵەوە و بەشێک بووە لە پرۆسەی گۆڕینی ڕژێم.

لەم هێرشەدا ئەحمەدی نەژاد بریندار بوو، هەروەها ئەو پاسەوانانەشی کە کوژران، بەپێی ڕاپۆرتەکە هێزەکانی سوپای پاسداران بوون کە ئەرکی مانەوەیان لە ماڵەکەدا تەنها بۆ چاودێریکردن و دەستبەسەرکردنی بووە. سەرچاوەکان دەڵێن دوای ئەم ئەزموونە تاڵە کە ناوبراوی خستە سەر لێواری مەرگ، لە بیرۆکەی گۆڕینی دەسەڵات سارد بووەتەوە و لەو کاتەوە بەتەواوی لە چاوی کامێراکان ون بووە.

ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە ئەحمەدی نەژاد لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بەهۆی ڕەتکردنەوەی هۆلۆکۆست و هەڕەشەکانی بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە، یەکێک بوو لە دوژمنە سەرسەختەکانی تەلئەبیب.

نیویۆرک تایمز ئەم پلانەی ئیسرائیلی بە "بوێرانە" ناوبردووە و دەڵێت ئەگەرچی هەندێک بەرپرسی ئەمریکی گومانیان لێی هەبووە، بەڵام تەنانەت ڕاوێژیش لەگەڵ خودی ئەحمەدی نەژاد کراوە پێش ئەوەی پرۆسەکە بە خێرایی لە ڕێڕەوی خۆی لابدات.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دۆناڵد تڕەمپ دوای سەرکەوتنی لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، دەیویست هەمان مۆدێل لە ئێران جێبەجێ بکات.

لە بەرامبەر ئەم دەنگۆیانەدا، کۆشکی سپی بە توندی ڕەتیکردەوە کە گۆڕینی دەسەڵات ئامانجی جەنگەکە بووبێت. وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجە سەربازییەکانیان ڕوون بوون و تەنها خۆیان لە لەناوبردنی مووشەکە بالیستییەکان، وێرانکردنی کارگەکانی چەک، تێکشکاندنی هێزی دەریایی و بێهێزکردنی هێزە وەکالەتدارەکانی ئێراندا دەبینییەوە، کە سوپای ئەمریکا توانیویەتی بەتەواوی ئەو ئامانجانە بپێکێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە کاردانەوە و ڕەخنەی توندی شارەزایانی ئەمنی و سیاسیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. دانی سیترینۆڤیچ، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل، پێی وایە بیرۆکەی هێنانە سەرکاری ئەحمەدی نەژاد نیشانەی تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە ميكانيزمی دەسەڵات لە ئێران. هاوکات ڕاز زیمت، شارەزای کاروباری ئێران، ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە نادروست و سادەکارانەیەی بە هۆکاری شکستهێنانی سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا دانا.

لەلایەکی تریشەوە، مائیر جاڤدانفار کە بەشداری لە نووسینی ژیاننامەی ئەحمەدی نەژاددا کردووە، ڕاپۆرتەکەی بە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە ناوبرد کە لەلایەن ئەو کەسانەوە دروست کراوە کە پاش شکستهێنانیان لە تیرۆرکردنی ناوبراو، ئێستا پەنایان بۆ ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP