دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە و پرسی موچە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و پرسی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و رادەستکردنی شایستە داراییەکانیان تاووتوێدەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامى کارەکانى لیژنەى وردبینیى هاوبەشى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ و هەرێم لەبارەى داهات و خەرجیى و تۆمارى بایۆمەتریى و ژمارەى وەزیفىی یەکگرتوو دەخرێتەروو.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، کارەکانى لیژنەى هاوبەشى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى تایبەت بە یەکخستنى رێکارە داراییەکان دەخرێتەروو دواتریش هەماهەنگیى نێوان کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر رۆشنایى دوا کۆبوونەوەى هاوبەش و راسپاردەکانى کۆبوونەوەکە بۆ ئەرک و رۆڵى وەزارەتەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

بڕیارە لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک لەبارەى پرۆسەى کڕینەوە و وەرگرتنى گەنم لە جوتیاران و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنى بەرهەمى گەنمى جوتیاران لەلایەن وەزیری بازرگانی و پیشەسازییەوە دەخرێتەڕوو.

هاوکات، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "بەشی زۆری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر چاودێری دارایی و دۆخی دارایی و کاری هەردوو دیوانی چاودێری هەولێر و بەغدا دەبێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP