دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 4 هەفتە

ئۆکرانیا ئەو پردەی روخاند کە هاوکاری لێوەی ئەچوو بۆ ڕوسیا

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا رایدەگەیەنێت،  ئۆکرانیا موشەکی هیمارسی ڕۆژئاوای بەکارهێناوە کە پێدەچێت لە ئەمریکا دروستکرابێت بۆ تێکدانی پردێک بەسەر ڕوباری سیم لە ناوچەی کورسک و لە ئەنجامدا ئەو خۆبەخشانەی لە هەوڵی رزگاركردنی هاوڵاتیانی مەدەنیدا بون کوژران.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕایگەیاند، "بۆ یەکەمجار ناوچەی کورسک بە موشەکهاوێژی دروستکراوی ڕۆژئاوا بۆردومان کرا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە موشەکی هیمارس ئەمریکی بوه‌".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر پردی سەر ڕووباری سیم لە ناوچەی گلوشکۆڤۆ، بە تەواوی وێران بوە و ئەو خۆبەخشانەی کە یارمەتی دانیشتوانی مەدەنیان دەدا کوژراون".

لە لایەکی دیکەوە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ئه‌مڕۆ شەممە ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕوسیای خستوه‌ته‌ خوارەوە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی 6 ناوچەی ئۆکرانیا لە باشور و ناوەڕاستی وڵاتەکەیان خستوه‌تە خوارەوە.

هەروەها، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، بۆ یەکەمجار دیمەنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بڵاوکردەوە کە کردیە سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا.
لە دیمەنەکاندا لەناوبردنی ئامانجەکانی ڕووسیا بە مووشەک و هێرشی سوپای ئۆکراینا بە تانک بەدیدەکرێت.

هەروەها لە دیمەنەکەدا بەدیلگرتنی سەربازانی ڕووسیا بەدیدەکرێت، لەگەڵ چوونی سوپای ئۆکراینا بە تانک و زرێپۆشەوە بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوونی جیاواز و پۆز لێدانیان بە بەردەم بیناکاندا بە ئاڵای ئۆکرایناوە.

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی دوێنێ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک ئەرکانی سوپا، ئۆلیکساندەر سیرسکی ڕاپۆرتی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەی کورسک پێشکەش کردووە و، چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوونی دیکە کەوتووەتە دەست سوپای ئۆکراینا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP