دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/07/2024

وەزارەتی داد هۆبەیەک بۆ تۆمارکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکاتەوە

هەرێم نیوز 

وەزارەتی داد رایگەیاند، هۆبەیەک بۆ تۆمارکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بڕیاری فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ هۆبەی تۆماری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، لە نێو بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ، راپەڕین و گەرمیان، بەمەبەستی تۆمارکردنی سەرجەم پرۆژە نیشتەجێکانی وەبەرهێنان، دەکرێتەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بڕیارەکە بە پێی (بەیانی) ژمارە (شەش)ی ساڵی (2024)ی وەزارەتی داد بە ژمارە ( 20/3253) لە ( 9/7/2024)

و پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە (632) لە (3/3/2024)، و بە پێی ئەو دەسەڵاتەی بە پێی مادەی ( 9) لە یاسای وەزارەتی داد ژمارە (13)ی ساڵی (2007) و لە بەربەرژەوەندی گشتی،  لە لایەن وەزیری دادەوە ئیمزا کراوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارە، لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

بە پێی بەیانەکە، لێپرسراو و فەرمانبەرانی ئەو هۆبانە تەواو تەرخان دەکرێن (تفرغ) دەبن بۆ تۆمارکردنی کاروبارەکانی (یەک بوون و جیاکردنەوەی) سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP