دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10/07/2024

خۆکوژیی یان خۆ بەقوربانیکردن، راپۆرتێک لەبارەى گروپى قوربانیانى عێراق

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق رایگەیاند کە توانیویانە بخزێنە نێو یەکێک لە مەترسیدارترین گروپى ئاینى کە لە بەشێک لە پارێزگاکانى وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەتى لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق کە ناوى خۆیان ناوە -قوربانیون- و لە نێو خەڵکیشدا بە -عەلیەڵاهی- بەناوبانگن، بەگوێرەى راپۆرتى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى ئەمانە گروپێکى توندڕەوى پەڕگیرو لادەرن و بەشێکى زۆر لە گەنجەکانى عیراقیان وا لێکردووە بە خۆشحاڵییەوە بەرەو ڕووى مەرگ بڕۆن و خۆیان بکوژن.

ئەرشەد ئەلحاکم، وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا چەند رۆژێک پێش لە ئێستا رایگەیاند، لەڕێگەى پرۆسەیەکى تەواو ئەمنى و نهێنیدا توانیویانە یەکێک لە ئەندامەکانى دەزگاکەیان لەنێو ئەو گروپەدا بچێنن تا بزانن چی دەکەن و چۆن گەنجانى عێراقى هەڵدەخەڵەتێنن ، راشیگەیاند کە ئەم پرۆسەیان دواى ئەوە ئەنجامدا کە لەدیاردەیەکى سەیردا پێنج کەس خۆکوژییان کرد کە تەمەنیان کەمتر بوو لە 22 ساڵ، پاشان مەفرەزەکانیان توانیویانە یەکێک لە ئەندامانى ئەو گروپە دەستگیربکەن کە وا لەگەنجەکان دەکات خۆیان بکوژن و دواى ئەوەى فێر چەندین رەفتار و هەڵس و کەوتى نامۆیان دەکەن بڕیارى خۆکوژى دەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش کەسەکان لە رێگەى قوڕعە و هەڵبژاردنەوە دیاریدەکەن، کە خۆی بکوژێت یان بە پەت خۆى هەڵبواسێت.
دواى کۆکردنەوەى زانیارییەکان و هەماهەنگی لە گەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن و کۆکردنەوەى زانیارییەکان توانیویانە 31 تۆمەتبارى دۆسیەکە دەستگیر بکەن کە لەو بوارەدا کاریان کردووە، زۆرینەیان لە پاریزگاکانى واست، بەسرە و زیقار بوون، دواى لێکۆڵینەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ئەو کەسانە سەبارەت بە پاڵنەرەکانى ئەنجامدانى ئەو کارەو کێ لەپشتیانەوەیەو سەرچاوەى داراییەکەیان کێ دابینى دەکات.
سەرچاوە ئەمنیەکە رایگەیاندووە ئەم کەسانە خۆیان قوربانى ئیمامى عەلى دەکەن و لە خۆشەویستى ئەودا گیانى خۆیان دەردەکەن و وادەزانن بەم کارەیان لە ئیمامی عەلى نزیکدەبنەوە، بەگوێرەى هەندێک لە سەرچاوە عێراقییەکان ئەمانە لەنێو رەوتى سەدرەوە سەریانهەڵداوەو لەناوخۆی رەوتەکەدا پێیان دەگوترێت – اهل القضیة- بەهۆی ئەو کارانەیانەوە بۆماوەیەک رەوتەکە کارەکانى سڕکردوون، بەڵام ئەوان لەسەر کارەکانى خۆیان بەردەوام بوون، هەربۆیە بەفەرمی لە رەوتەکە دەرکراون بیبەری بوونى خۆیان لێیان بڵاوکردووەتەوە. راپۆرتەکان باس لەوەش دەکەن لە نێو یەکێک لە مزگەوتەکانى نەجەف و کوفەش هەندێک لە ئەندامانى ئەم گروپە دەرکەوتوون بەیعەتیان بە موقتەدا سەدر داوە و لە گرتە ڤیدیۆکانیش دا بە ئیمام مەهدی ناوى موقتەدا سەدریان هێناوە، بەڵام دواتر موقتەدا خۆی رەتى ئەو بابەتەى کردوەتەوە و داواى لە هێزە ئەمنیەکان کردووە کە بەدواداچوونیان بۆ بکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
محمەد بوخاری توێژەرى بوارى کلتورى ئیسلامی و بزوتنەوەى لادەرە ئیسلامییەکان رایگەیاندووە ئەم حاڵەتە نوێ نییەو لە مێژووى ئاینەکاندا زۆر دیاردەى لەو بارەیەوە هەیە، بەگوێرەى توێژینەوەکان زۆرینەیان سەریان لە نەخۆشی دەرونییەوە دەردەچێت و ئاستى تێگەیشتنیان بۆ بابەتە ئاینیەکان هاوسەنگ نییە، هەندێ جاریش ئەم کەسانە دەکەونە داوى دەزگا هەواڵگرییەکان و بۆ کارى خۆیان بەکاریان دێنن بەتایبەتى تێکدان و شێوانى ئاسایش.

ئەو توێژەرە باسی لەوەشکردووە سەرەتاى سەرهەڵدانى ئەم گروپە دەگەڕێتەوە بۆش سەردەمی مەرجەعى دینى شیعەکان – محەمەد محەمەد صادق سەدر- هەرچەندە ئەو تا خۆی لە ژیاندا بوو خۆی لێبەری کردن و رایگەیاندووە هیچ پەیوەندییەکى پێیانەوە نییە. ئەو توێژەرە راشیگەیاندووە لەدواى  2003 وە دیاردەکە زیاتری کردووە، رونیشیکردوەتەوە کە ئەم گروپانە، خاوەنى بیروباوەڕ و تێروانینى چەوتن، هەڵوێستى سیاسییان هەیە، هەندێکیان بەدواى دەستخستنى پارەوەن و بەکاریان دێنن، هەندێک لەو گەنجانەش کەوتوونەتە شوێن بیروباوەڕی – پێچەوانە برۆ باشتر دەناسرێیت-. یان هەموو قەدەغەکراوێک خواستى زۆرتری لەسەرە.

عەباش شەمسەدین، توێژەری بوارى مێژوو باس لەوە دەکات کە جیاوازیی هەیە لە نێوان گروپى قوربان و گروپەکەى جۆنز یان ئەوەى دەیڤید کوریش ، لەبەر ئەوەى ئەمان باوەڕیان بە قوربانیکردنى گیانى خۆیان هەیە و کارێکى خۆبەخشانەیە کە ئەو گەنجانەى تێدەکەون.

بەگوێرەى سەرچاوەکان هەرکات چەند کەسێک ئامادە دەبن بۆ خۆقوربانیکردن لە جێگەیەک کۆدەبنەوەو قورعەکێشى دەکەن بۆ ئەوەى بزانن چانس یاوەرى کامیان دەبێت و تا خۆی بکاتە قوربانى و ئەوەش مەترسی زیاتر دروستکردووە ناوى ئاین و خۆشەویستى چوارەم خەلیفەى ئیسلام عەلى کوڕی ئەبو تاڵبى لەسەر دانراوە، بەڵام لە راستیدا پێدەچێت دەستى سیاسی گەورەى لە پشتەوەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP