دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

بۆچى پارتى هەمیشە براوەى هەڵبژاردنەکانە؟

هەرێم نیوز
قسەیەک هەبوو کاکە حەمەى حاجی مەحمود ئەیکرد، دەیگوت: ئەگەر پارتى هەڵبژاردن لەگەڵ چین یشدا بکات پارتى دەیباتەوە، پێدەچێت هەندێک ئەم قسەیەى کاکە حەمەى دۆستى پارتى بە سوکایەتى یان بە گومان و دوودڵی بخوێننەوە لەسەر پارتى، یان هەندێکى دیکە بە تانەو تەشەرى تێبگەن، بەڵام لە راستیدا هەندێک راستى تێدایە باپێتان بڵێم لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت و پارتى چۆن لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتەوە؟
یەکەم: سەرکردایەتییەکى دووربین
پارتى دیموکراتى کوردستان خاوەنى سەرکردایەتییەکى دوربین و ستراتیژییە، ئەو کاتێک بابەتێک دێتە پێشەوە هەروا بە ئاسانى پەسەندى ناکات یان رەتى ناکاتەوە، بەردەوام ستراتیژییانە لە بابەتەکە دەڕوانێت و دواجاریش لە بەرژەوەندیی ئەو پارتە دەشکێتەوە، هەر بۆنموونە ئەوانەى کە روداوەکانى 31 ئابى 1996 بە خیانەتى نیشتمانى ناو دەهێنن، کەچى پارتى توانیویەتى بیکاتە دەستپێکێکى باشى سیاسی و یەکلایی کردنەوەى نەیارەکانى و وەک خۆیان دەڵێن دەفعى ئەفسەد بوو بە فاسد، هەربۆیە دەبینین هێزى سیاسی و ناوخۆیی پارتى لە دواى ئەو روداوە نەک زیادیکردووە نەک کەم، بیروباوەڕی ئەندامەکانى نەک کەمیان نەکردووە بەڵکو زیاترى کردووە.
دووەم: رێکخستنى تۆکمە 
پارتى خاوەنى رێکخستنێکى تۆکمەی ژمارەییە، واتە ناوچەیەک یان لقێک بەتەواوەتى دەزانێت چەند ئەندامى هەیە، کێن، ئیشیان چییە، شونێنى ئیشەکەیان کوێیە، لە چ سندوقێک دەنگ دەدەن، تەنانەت زانیارییە کەسییەکانى بەتەواوەتى لایە، ئەمە وایکردووە کە ئەندامەکان هەست بکەن خاوەنێکیان هەیە، با لێپرسینەوەشیان کەم بێت بەڵام هەست دەکەن بونیان هەیە و لەنێو یەکێک لە پایەکانى ئەو پارتە دا جێگەیان بووەتەوە، هەر بۆیە خۆیان بە خاوەنى دەزانن، هەر بۆیە لە کاتى دەنگدانەکاندا پارتى کۆمەڵێک دەنگی مسۆگەرى هەیە وەک دەگوترێت لە گیرفانى ئەو پارتەدایە و دەزانێت کێ دەنگی دەداتێ و کێی تریش دەنگى ناداتێ، هەربۆیە کەمتریان داواکارییان لە خەڵکێک هەیە کە نەیناسن، پرسەیەک نییە لە کوردستاندا نوسینگەى سەرۆک یان بارەگاى بارزانى بەشداریی نەکات با بە بروسکەیەک و نامەیەکیش بێت.
سێیەم: لەرووى داراییەوە
ماڵەبارزان و مەکتەب رێکخستن و شوێنەکانى دیکەى پارتى هەمیشە دەرگایان کراوە بووە بەڕووى ئەندامەکانى خۆیاندا، ئەو پارتە خاوەنى داراییەکى سەربەخۆیە و دەتوانێت پرۆژەى تایبەتى خۆی هەبێت و کردویەتى، هەندێکجار لە رێگەى رێکخراوەکانى تایبەت بەو پارتەوە کاری جۆراوجۆری بۆ نوسەران، رۆژنامەنوسان، قوتابییان و ئافرەتان کردووە، ئیتر با رێکخراوى بارزانى لەولاوە بوەستێت.
چوارەم: میدیاى بەهێز
پارتى دیموکراتى کوردستان توانیویەتى لە رێگەى میدیا ئەهلى و ئازادەکانەوە جێگەى خۆی بکاتەوە، میدیا جۆراوجۆرەکانى رۆڵێکى سەرەکی دەبینن لە خستنە رووى ئەجێنداى ئەو پارتەدا، روداو کە تا ئێستاش بێڕکابەرە بە نموونەى میدیای سەرکەوتوو دێتە ئەژمار، کوردستان 24 و ئاڤا و ئەوانى تریش وێناى تەلەفزیۆنێکى پرۆفیشناڵی بەهێزن، جگە لەو سایت و پەیج و ئەکاونتانەى کە بەردەوام سەرقاڵی کارکردن تیایاندا، بەجۆرێک ماڵێک نییە لە کوردستاندا بۆ بینیى هەواڵ و زانیارییەکان پەنا بۆ ئەو کەناڵانە نەبەن، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى جەماوەرێکى تارادەیەک خۆڵەمێشى لەخۆی کۆبکاتەوە.
پێنجەم: گوتاری نیشتمانى و نەتەوەیی
پارتى خاوەنى بەرگریی کردنە لە پرسە نیشتمانى و نەتەوەییەکان، هەر ئێستا ئەگەر یەکێک باس لە ئاڵا، شۆڕش، مێژووى کورد، بیری نەتەوایەتى، دامەزراندنى دەوڵەت، چوار پارچەى کوردستان، و هەر بابەتێکى تر بکرێت هەمووان بیریان بۆ لاى پارتى دەچێت لەبەر ئەوەى ئەو شتانە بوونەتە مۆرکی ئەو پارتە.
شەشەم: بەرگریی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان
هەرکاتێک کێشە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە هەر جێگەیەک هاتبێتە پێشەوە ئەوا پارتى خۆی کردووەتە خاوەنى و لێپرسینەوەى لەبارەوە کردووە، پارتى هەر لە باشورى کوردستان نە، بەڵکو لە پارچەکانى تریش بۆنموونە کاتێک ئەردۆغان هەڵمەتى هەڵبژاردنى دەکرد سەرۆکی پەناى بۆ سەرۆکى پارتى دەبرد، لە رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە پارتى دان بە هیچ پارتێکى تردا نانرێت ، لە رۆژئاواى کوردستانیش بە هەمان شێوە، هەربۆیە زۆرینەى پارتەکان باوەڕیان وایە کە دەبێت مەسعود بارزانى بکرێتە مەرجەعى سیاسی کوردستان.
حەوتەم: نوێنەرایەتییەکانى کورد
بەشێک لە سیاسەتەکانى پارتى و هیزى تایبەتى ئەو پارتە بوونى نوێنەرایەتییەکانى حکومەت و پارتەکەیە لە دونیادا کە بەشێکى زۆر لە لایەنگرانى بۆ کۆکردووەتەوە، ئەوە جگە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کە هەمیشە کارى خزمەتکردن بووە بە خەڵک ئەگەر پارتەکانى تر رێگرییان لێنەکردبێت، هەولێر و ناوچەکانى ژیر دەسەڵاتى بە نموونە.
هەشتەم: نەیارەکانى
لە شانسی پارتى نەیارەکانى هەمیشە پەرتەوازە و شپرز و نا دیسپلینن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەو پارتە کەوتووەتەوە دەنگەکانیان بوونەتە ئاردى ناودڕک، بەڵام پارتى مەرکەزیەتێکى سیاسی و ئیداریی و ریکخراوەیی بۆ خۆی بونیاد ناوە، ئەوەش بووەتە خاڵێکى بەهیز بۆ پارتى.
هەر بۆیە ئەگەر پارتى چەند جارێکى تریش هەر لە ریزبەندی هەلبژاردنەکاندا مایەوە پێتان سەیر نەبێت، پارتى حیزبە نەک گاڵتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP