دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل چۆن سینواری دۆزییەوە و کوشتی؟

هەرێم نیوز

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە سەربازانی ئیسرائیل لە غەززە بەدواداچوون بۆ سینوار، سەرکردەی حەماس دەکەن.

یەحیا سینوار تەمەن ٦١ ساڵ دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر لە غەززە دیارنەما.

دەگوترێت بەشێکی زۆری ئەمساڵی بە حەشاردانی لەگەڵ پاسەوانەکانی لە تونێلەکانی حەماس کە لە ژێر غەززەدا هەڵکەندراون بەسەر بردووە؛  هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بارمتە لە دەوروبەری ئەم تونێلانە ڕاگیراون بۆ ئەوەی وەک قەڵغانی مرۆیی بێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی حەماس.

بەڵام پێدەچێت لە کۆتاییدا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕێکەوت لەگەڵ هێزەکانی دەوریەی ئیسرائیل لە باشووری غەززە کوژرابێت.  پاسەوانی زۆری نەبووە و لە دەوروبەریشیدا هیچ بارمتەیەک نەبووە.

سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی چوارشەممە، یەکەیەکی لیوای 828ی بیسەلماخ لە شاری ڕەفەح دەوریەی گەڕەکی تەل ئەلسوڵتانیان دەدا، لەوکاتەدا سێ چەکدار لەگەڵیان پێکدادان و دوای ئاڵوگۆڕی تەقە، هەرسێکیان کوژران.

بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل لەو کاتەدا هیچ شتێک لەم ململانێیەدا سەرنجی سەربازەکانی بۆ لای خۆی ڕاناکێشا.  لە ڕاستیدا سەربازەکان زووتر لە ڕۆژی پێنجشەممە نەگەڕاونەتەوە شوێنی شەڕەکە.  تەنها لەو کاتەدا بوو کە پشکنینیان بۆ لاشە مردووەکان کرد و بۆیان دەرکەوت کە یەکێکیان زۆر لە یەحیا سینوار دەچێت.

بە هۆی گومانی بوونی تەڵەی تەقینەوە تەرمی مردووەکانیان نەجووڵاند و تەنیا پارچەیەک لە پەنجەی کەسێکیان بڕی کە لە یەحیا سینوار دەچوو و بۆ ناسینەوەیان ڕەوانەی ئیسرائیل کرد.

درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە، دوای ئەوەی ڕێوشوێنی ئەمنی لەو شوێنە گیرایەبەر، تەرمەکەیشی گواسترایەوە بۆ ئیسرائیل.

دانیال هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانی ئەم وڵاتە لە بوونی یەحیا سینوار لەو ناوچەیەدا ئاگادار نەبوون و تەنیا بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنەکانیان.

بە وتەی ناوبراو، ئەو هێزانە سێ چەکدار دەبینن کە ماڵ بە ماڵ دەچوون، بۆیە دەستیان کرد بە شەڕ و دوای ماوەیەک جیابوونەوە.

ئەو کەسە کە ئێستا دەرکەوت ناوی سینوارە، "بەتەنیا دەچێتە ناو باڵەخانەیەکەوە" و دوای ئەوەی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەبینرێت، بەهۆی تەقەی تانکەوە دەکوژرێت.

هیچ کام لەو بارمتانەی کە دەوترێت وەک "قەڵغانی مرۆیی" لەگەڵیدا نەبووە.  لە کەمیی هاوەڵەکانیەوە ڕوونە کە یان ویستویەتی لە کاتی تێپەڕبووندا خۆی لە سەرنج ڕاکێشان بەدوور بگرێت، یاخود زۆرێک لە پاسەوانەکانی لەدەستداوە.

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت: سینوار بە هەڵاتن مرد و شکستی هێنا، نەک وەک فەرماندەیەک، بەڵکو وەک کەسێک کە تەنها گرنگی بە خۆی دەدا.  ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو دوژمنەکانمان”.

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری کوژرانی یەحیا سینوار لە غەززە دەکات. دوای چەند خولەک لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، چەند وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تەرمی کەسێک کە لێکچوونی بەهێزی لەگەڵ یەحیا سینوار هەبوو بڵاوکرایەوە.

بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە "لەم کاتەدا ناسنامەی هیچ کام لەو سێ کەسەی لە تەل سەتلان کوژراون پشتڕاست نەکراوەتەوە".

کەمێک دواتر سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە بی بی سی ڕاگەیاند کە سەرکردەکانی وڵاتەکە "زیاتر دڵنیابوونەتەوە" کە سینواریان کوشتووە، بەڵام پێویستە هەموو پشکنینە پێویستەکان ئەنجامبدرێت پێش ئەوەی بە دڵنیاییەوە مردنی سەرۆکی حەماس پشتڕاست بکرێتەوە.

زۆری نەخایاند تا وەڵامی پشکنینەکان دەرکەوت.  شەوی پێنجشەممە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەم پشکنینانە تەواو بوون و گیانلەدەستدانی سینوار پشتڕاست کرایەوە.

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "شەیتان" شکستی هێناوە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە دوورە لە کۆتایی.

کوشتنی یەحیا سینوار ئامانجێکی سەرەکی بوو بۆ ئیسرائیل.  ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەم وڵاتە نیازی خۆی بۆ کوشتنی سینوار ڕاگەیاند.  بەڵام کۆتایی هاتنی سینوار بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP