دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

کۆنگرەکەی دیمەشق هەسەدە هەڵدەوەشێنێتەوە؟

‌‏

سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

تا ئێستا لە ئاستی جلوبەرگ و لێدوان و گوتاردا، جۆلانیی ئاماژەی سەرکردەیەکی مەدەنی کراوە و جێئومێد پیشان دەدات. هەمووش هیوادارین ئەمە ڕاستییەکەی بێت، بەڵام لە ئاستی ڕەفتاردا، زیاتر وەکو خەلیفەیەک مامەڵە دەکات، نەک ڕابەرێکی مەدەنیی کە لەوانەیە ڕێژەیەک لە دیموکراسی و شەراکەت قبووڵ بکات. کە هیوادارم ئەمەیان وا دەرنەچێت. بەڵام تا ئەو کاتەی یەکلا دەبێتەوە، عەقلانییەت دەخوازێت، دوور لە سۆز و پەلەپڕووزێ، بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لەگەڵ گەیشتنی بە پایتەخت، بەبێ پرسوڕا لەگەڵ هیچ لایەک، دەسەڵاتی لە سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوریا سەندەوە و تەسلیم بە شاگردێکی خۆی کرد. حکومەتێکی لە گرووپەکەی خۆی پێکهێنا. ئێستاش بڕیاری داوە (٥ -٧)ی ئەم مانگە لە پایتەخت (کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی) ببەستێت. ئەم کۆنگرەیە دوو ئەگەری هەیە:

یەکەم: لە پشتی پەردەوە گفتوگۆ و پرسوڕای لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان کردبێت. کە ئاماژەکان وامان نیشان دەدەن، لەم حاڵەتەشدا پێناچێت لەگەڵ کورد ڕێککەوتنی کردبێت. هەڵبەتە دەبێ ئەوەش بڵێین، ئەگەر کورد توانیبێتی ڕێککەوتنێکی باشی لەسەر مەسەلە سەرەکییە سازشهەڵنەگرەکان کردبێت باشە

دووەم: وا دەردەکەوێت، کە ئەم ئەگەرەیان چانسی زیاتری هەبێت. ئەوا ئەم کۆنگرەیە ترسناکترین کارێکە کە لە دوای ڕاکردنی ئەسەدەوە کرابێت. هەربۆیە دەبێت کار بۆ شکستپێهێنانی بکرێت، چونکە، هیج نەتەوە و ئایین و تایەفە و لایەنێکی سیاسیی، تەنانەت ئیئتیلافی نیشتمانییەکەی بارەگاکەی لە تورکیایە، نوێنەرایەتییان نابێت. بەڵکو لە هەر پارێزگایەکی سوریا چەند کەسێک بانهگێشت دەکرێن. لەناو ئەمانەدا و بە سیفەتی شەخسی ئەندام و سەرکردەی پێکهاتە و لایەنەکان جێیان بۆ دەکرێتەوە. بڕیارەکانیشی زۆر زۆر لەوە ترسناکترن کە قبووڵ بکرێن، کە ئەمانە هەندێکیانن:

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەستوورەکەی ئەسەد، کە ئەمەیان تاکە بڕیاری باشە.

هەڵوەشاندنەوەی (فەسائیل)، لەمەیاندا جۆلانیی باسی لەوە کردوە، کە لەو کۆنگرەیەدا، (هەیئەی تەحریری شام) هەڵدەوەشێنێتەوە. بەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی کۆنگرەکە، دەست بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرووپ و هێزەکانی تر، لەوانەش (هێزەکانی سوریای دیموکرات). لای هەمووان ڕوونە کە هیچ کەسێک ناتوانێت هێزی کوردیی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەگەر کۆنگرەکە بڕیارێکی لەو جۆرە بدات، ئەوا "شەرعییەت" دەداتە جۆلانیی و ئەردۆغانیش، وەکو هێزی یاخی لە ئیرادەی سوریا مامەڵە لەگەڵ هێزەکانمان بکەن.

پێکهێنانی ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاریی بۆ جۆلانیی، کە دەسەڵاتی تەشریعی دەدرێتێ. ئەم ئەنجومەنە، کۆمەڵە ئەرکێکی دەبێت:
دەنگ بە جۆلانیی دەدات، بەمەش بیانووی ئەوە ناهێڵێت، کە گوایە خۆی دەسەپێنێت.
هەندێک بڕیار دەر دەکات کە هێزی یاساییان دەبێت.
مانگی سێ کەسێک ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سوریا.
لیژنەیەک پێک دێنێت، بۆ ئامادەکردنی ڕاگەیندراوێکی دەستووریی، بۆ داهاتووی سوریا.

بەسەرنجێکی خێرا، وا دەردەکەوێت کە ئەو عەقڵییتەی ئەمەی داڕشتوە، عەقڵییەتی پەرلەمانی و نوێنەرایەتیی گەل نیە، بەڵکو زیاتر لە (مەجلیسی شوورا)یەک دەچێت، کە بۆ خەلیفە دامەزراوە، نەک بۆ دیموکراسی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک.
هەڵبەتە لەبەردەم دۆخێکی لەمجۆرەدا، ئێمە دوو ڕێگەمان لەپێشە:

یان بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشوەختە، کە مافەکانمان مسۆگەر بکات، و مانەوەی هێزە چەکدارەکەمان مسۆگەر بکات. کە ئەمەشیان دەبێت بە ئیجماعی کوردستانیی رۆژئاوا بیکەین.

یان کار بۆ شکستپێهێنانی بکەین. ئەمەش بە هاوکاریی، لایەنە سیاسییەکانی تری سوریا، نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و مەهەبیی و ئایینییەکان، وڵاتانی جیهان (یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، وڵاتانی کۆنگرەی عەقەبە کە بریتیین لە میسر و ئوردن و وڵاتانی کەنداو).
وا کەمتر لە هەفتەیەک ماوە، کەچی دیار نیە، کورد هەڵوێستی چیە؟ ئایا بەشداریی دەکات، یان نا؟ ئەگەر کردیشی چۆن چۆنی دەیکات، بەوەفدی هاوبەشی یەکگرتوو، یان بەجیاجیا، کە ئەمەیان خراپە.

دیوی هەرە ترسناکی ئەم کۆنگرەیە لەوەدایە کە تاکڕەویی جۆلانیی و تورک و قەتەرییەکان دەردەخات، چونکە:

بیانووی گرووپەکەی جۆلانیی بۆ بەشداری پێنەکردنی ئیئتیلافی سوریی، ئەوەیە کە بەشداریی کۆنگرەکەی عەقەبەیان کردوە. ئەمەش نیشاندەری هەوڵی پەراوێزخستنی وڵاتانی بەشداری کۆنگرەکەی عەقەبەیە.

لەوەش ترسناکتر، پەراوێزخستنی تەواوەتیی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئیرادەی نێودەوڵەتییە، بۆ ئەمەش بیانوەکەیان ئەوەیە، کە بڕیاری (٢٢٥٤)ی ئەنجومەنی ئاسایش، باس لە دیالۆگی نێوان ڕژێمی ئەسەد و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو سەردەمە دەکات، بەو پێیەی ڕژێم ڕوخاوە، ئیدی بڕیارەکەش کەڵکی جێبەجێکردنی نیە.

ئەگەر ئەم کۆنگرەیە ئەنجام بدرێت و سەر بیکەوێت، ئەوا شەرعییەتێک دەداتە جۆلانیی ببێتە خەلیفەی هەتاهەتایی سوریا. کە ئەگەر لەم قۆناغەشدا والییەکی عوسمانی بێت لە وڵاتی شام، ئەوا لە داهاتوودا ئەو سەرکردە و فەرماندە غەیرە سورییانەی لەم ڕۆژانەدا پلەی سەربازیی باڵای پێبەخشین، سوپای خەلافەتیی جۆلانیی دەبن، هەر کەسە و بۆ وڵاتەکەی خۆیان کە (تاجیکی، چینیی، تورکمان، ئەڵبانی، ئوردنیی)یان تێدایە. بەدوور لەم پلە سەربازییانەش، ئەبو محەمەدی جۆلانیی، ڕاوێژکاری لە نەتەوە و وڵاتانی تریش هەیە، کە کوردیشیان تێدایە، و دەکرێت لەپاش چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی لە سوریا، بیر لەوەش بکاتەوە ئەمانە ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان بکات، بۆ ئەوەی پرۆژەی خەلافەتەکەی درێژە پێبدەن، یان تەنانەت بۆ سازش و فشار لەو وڵاتانە بەکاریان بێنێت.

بۆیە تاکە چارەسەری ئەو کۆنگرەیە، ئەگەر کورد ڕێککەوتنی باشی لەسەر نەکردبێت، تەنها شکست پێهێنانییەتی. بەمەش سنوورێک بۆ تاکڕەویی دادەنرێت و قۆناغێکی تازە لە هاوکێشەکە دێتە پێشەوە کە پرسوڕاو جۆرێک لە شەراکەت دەسەپێنێت. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیشدا تاکڕەویی تورکیا و قەتەر لە کەیسی سوریادا کۆتایی پێ دێنێت. 

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، جارێکی دیکە ئاواتەخوازم، ئەگەرە خراپەکان وا دەرنەچن. بەڵکوو جۆلانیی سەرکردەیەکی مەدەنیی دیموکرات بێت، کە باوەڕی بە مافی مرۆڤ و ژن و نەتەوە و ئایینەکان هەبێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP