هەرێم نیوز
ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ساڵی ڕابردوو ھەنگاوی زۆر باش بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە نراوە و بۆ ئەمساڵیش ھەنگاوی زیاتری کرداری دەنرێت، دەشڵێت، حکوومەت زۆر جدیە و کارەکانیش بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بەڕێوەدەچن و ھاوپەیمانانیش زۆر ھاوکار و پاڵپشتن.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی پارتی ڕاگهیاندووە، "لە ساڵی ٢٠٢٤دا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و ھێزەکانی فەرماندەیی ھەمووی کراونەتە لیوا و فەوج و خراونەتە ناو فیرقە و دابەشی سەر ناوچەکان کراون و شوێنی خۆیان گرتووە، هەروەها ئەوانەی ماویشن لەم ساڵدا کاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت و ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگە بێت، چونکە بەپێی ئەو سیستەمەی دانراوە زۆر باش کاری لەسەر دەکرێت و کۆمەڵێک فیرقە دروستکراون و ئێستا بەشێک لە فیرقەکان ئەرکی خۆشیان جێبەجێ دەکەن.
لەبارەی میحوەرەکانی پێشمەرگەش، بابەکر زێباری ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو میحوەرانە دەمێنن و بەردەوام دەبن تاوەکو کاری دروستکردنی فیرقەکان تەواو دەبێت و ئەوکات چاوەڕێ دەکرێت فیرقەکان شوێنی میحوەرەکان بگرنەوە و دواتر بڕیاری کۆتایی لێبدرێت، بەڵام ئەوە پڕۆسەیەکی وردە و کاتی پێویستە و ئاسان نیە و من پێشتریش باسم کردووە تەواوکردنی ئەو پڕۆسەیە کاتی پێویستە و پێنچ ساڵ دەخایەنێت، بۆیە ئەمساڵ تەواو نابێت و کاتی زیاتری پێویستە، بەڵام لەمساڵدا چەند فیرقەیەکی تازە دروست دەکرێت، کە لە دھۆک دوو فیرقە و لەگەڵ فیرقەی سپیلک، بۆیە ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێن و بەپێی ڕێژە دەکرێنە فیرقە.
زێباری ڕوونیشی کردەوە، "ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەکات ھاوپەیمانان فشاریان کردووە پێویستە لەم ساڵدا تا کۆتایی ساڵ ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێن ڕاست نیەو قسەی لەو شێوەیان نەکردووە، چونکە کاتی خۆی ئەوان لەگەڵ من باسی ئەو پڕۆسەیان کردووە من پێم وتن سێ ساڵی پێویستە ئەوان خۆیان باسیان لەوە دەکرد پێنچ ساڵی پێویستە، چونکە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان کاتی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی ھێزەکان بەتەواوی یەکبخرێن، هاوکات ئەوەی گرنگە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە زۆر بەجدی کاری لەسەر دەکرێت و بەپێی بەرنامەی دانراوە کارەکان بەڕێوەدەچن و ھاوپەیمانانیش ھاوکار و ھەماھەنگن لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە، بۆیە گەشبینین ئەمساڵ ھەنگاوی زۆر باشی کرداری لەبارەی یەکخستنی پێشمەرگە بنرێت