هەرێم نیوز
میدیای فەرمی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ڕێگە بە هێڵی ئاسمانی نیشتمانی دەدات گەشتەکانی بۆ لوبنان دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە گەشتەکانی ڕاگرت.
هێڵی ئاسمانی عێراقی لە 8 ی مانگی دوازدە گەشتەکانی بۆ لوبنان ڕاگرت، بەهۆی نیگەرانییە ئاسایشییەکان سەبارەت بە بارودۆخی سوریای دراوسێ.
ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا بەرەو رووسیا هەڵات.
هەروەها، لەگەڵ گەیشتنە دیمەشقی پایتەخت، حکومەتی کاتی پێکهێنرا و سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوریا لە مەراسیمێکدا بە سەرپەرشتیی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتەکانی رادەستی محەمەد بەشیر کرد.