دواین هەواڵ

کوردستان‌

 09/07/2024

پاسداران بەئار پی جی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک و کوژرا و بریندار هەیە

هەرێم نیوز

لە ئەنجامی هێرشی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کۆمەڵێک کۆڵبەر لە شنۆ، کۆڵبەرێک بە ناوی ڕامین مورادی ناسراو بە ڕامین شکاک کوژرا و چەند کۆڵبەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

 
هەروەها، بەهۆی بەرخۆدانی کۆڵبەرەکان و سەرهەڵدانی ململانێی جەستەیی، دوو هێزی سوپای پاسدارانیش بریندار بوون. هێزەکانی سوپا بە چەکی ئاڕ پی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو کۆڵبەرانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ڕامین شکاک، خەڵکی سەڵماس نزیک بە گوندی "تاژاندەر"ی شنۆ لە کاتی هێرشی سوپای پاسدارن بۆ ماڵی کۆڵبەرەکان کوژراوە و چەند کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای کوژران و بریندار بوونی چەند کۆڵبەرێک تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی سوپا و کۆڵبەرەکان هاتووەتە ئاراوە و دوو پاسداریش بریندار بوون. ماڵی کۆڵبەرەکان لە کاتی هێرشی سوپای پاسداران بە چەکی ئاڕ پی جی بە تەواوی وێران بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆڵبەرێکی بریندار، دوای شەڕێکی ٦کاتژمێری لەگەڵ سوپای پاسداران دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەسپ و هێسترەکانی کۆڵبەرەکان بە تەقەی سوپای پاسداران کوژراون و چەند ئەسپێکیش بریندار بوونە.

شایەنی باسە کە، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی سەڵماس، ئورمیە و شارە کوردەکانی دیکە بۆ کۆڵبەری کردن لە سنوورەکانی شنۆ لە گوندەکانی دەوروبەر خانوو بە کرێ دەگرن و بۆ پشوودان کەڵکی لێ وەردەگرن.

بە پێی دوایین زانیارییەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەو گوندە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو کۆڵبەرانە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP