دواین هەواڵ

کوردستان‌

 09/07/2024

بڕیارێک لە بەرژەوەندی خوێندکاران دەردەکرێت

هەرێم نیوز 

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند ، "بۆ ساڵی نوێی خوێندن داشكاندن لە كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بەردەوامدەبێت".

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ، بەسەرپەرشتیی وەزیری خوێندنی باڵا، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكی گرنگ دەركران كە تێیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانكۆكانی كوردستانی راسپارد ئامادەكاری بكەن بۆ ئەوەی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی لە خوێندنی حكومی بڕەخسێنن، هەروەها بە هەمان رێژەی ساڵانی رابردوو داشكاندن لە كرێی خوێندنی پارالیڵ و ئێواران ئەنجامبدەن، لەپێناو پشتیوانیكردنی خوێندكاران و خانەوادەكانیان بۆ ئەوەی پرسی دارایی نەبێتە رێگر لەبەردەم خەونەكانیان، هاوكات ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانكۆكان هیچ بڕە پارەیەك لە بری پێدانی بەشی ناوخۆیی بە خوێندكارانی خوێندنی باڵا وەرنەگرن.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانكۆكانی راسپارد ئەوانەی تاوەكو ئێستا پلانی خوێندنی باڵایان ئامادە نەكردووە و بۆ وەزارەت نەیانناردووە، پێویستە بە زووترین كات پلانەكانیان بۆ كردنەوەی ڕاوندی نوێی خوێندنی باڵا و خوێندنی سپلیت سایت بۆ وەزارەت بەرزبكەنەوە، بەمەبەستی تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی ڕاوندێكی نوێی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەتەوەرێكی دیكەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێنمایی گۆڤارە زانستییەكانی زانكۆكانی كوردستانی بە وەرگرتنی چەند تێبینییەك پەسەندكرد، ئامانج لەم رێنماییە بۆ زیاتر رێكخستنی مەرجەكانی پێدانی مۆڵەتە بە گۆڤاری زانكۆكان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی گۆڤارەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە بگونجێت لەگەڵ پێوەر و ستانداردەكانی گۆڤارە نێودەوڵەتییەكان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP