هەرێم نیوز
رێكخراوێكی فریاگوزاری جه‌زائیری رایگه‌یاند كه 12 كۆچبه‌ری سوریی، كه ژماره‌یه‌كیان كوردن، له بیابانه‌كانی جه‌زائیردا له تینوێتیدا خنكاون.
ڕێكخراوی "غه‌وس" بۆ گه‌ڕان و فریاگوزاری له شاری ته‌مێنگێستی جه‌زائیر ناو و زانیاری قوربانییه‌كانی له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاو كردووه‌ته‌وه و ڕایانگه‌یاندووه كه ته‌رمه‌كانیان له ناوچه‌ی بێلفور دۆزراونه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕێكخراوه جه‌زائیرییه و ڕاپۆرته ناوخۆییه‌كان له سوریا، سێ كه‌سیان خه‌ڵكی پارێزگای حه‌سه‌كه‌ن له باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا. قوربانیانی دیكه خه‌ڵكی شاره‌كانی ڕه‌قه و حه‌له‌ب و دیمه‌شقن. هه‌روه‌ها منداڵێكی ته‌مه‌ن 10 ساڵ له نێو قوربانییه‌كاندایه.
ئاژانسه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌ڵێن ئه‌و كۆچبه‌رانه ویستوویانه له ڕێگه‌ی جه‌زائیره‌وه، كه له سنووری ده‌ریای سپییه، بگه‌نه وڵاتانی ئه‌وروپا.
له هه‌ندێك ڤیدیۆدا كه له سۆشیال میدیادا بڵاوبوونه‌ته‌وه، ته‌رمی قوربانییه سوریاییه‌كان له بیابانه‌كاندا پیشان ده‌درێت. به‌پێی ئاماری ڕێكخراوی غه‌وس، خه‌ڵك و كه‌سوكاری قوربانییه‌كان ده‌توانن له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بورج عومه‌ر ئیدریس ته‌رمه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه.
بۆ زۆرێك له كۆچبه‌رانی كورد و سوری، رێگای باكووری ئه‌فریقا یه‌كێكه له‌و ڕێگا سه‌ختانه‌ی كه پیایدا هه‌وڵی گه‌یشتن به ئه‌وروپا ده‌ده‌ن. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له كۆچبه‌ران له ئاوه‌كانی ده‌ریای سپی گیانیان له‌ده‌ست داوه.