دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 05/07/2024

بارزانى لە بەغداد لەنێوان یەکلاکردنەوەى کێشەکان و پێشوازیی بێوێنەدا

هەرێم نیوز

حکومەتى عێراق و حیزبەکانى نێو چوارچێوەى هەماهەنگی بەگەرم و گوڕییەکى زۆرەوە بەرەو سەردانەکەى بارزانى چوون و پێشوازییەکى بێوێنەیان لێکرد و لەنێو میدیاکانیش دا رەنگدانەوەى تایبەتى هەبوو تا ئیستاش درێژەى هەیە.

دواى شەش ساڵ لە ناکۆکی و دابڕان لەنێوان هەولێر و بەغداد کێشە بنەڕەتییەکانى ناوخۆو ناوچەکە وایکرد کە مەسعود بارزانى خۆی بەمەبەستى چارەسەرکردنیان بچێتە بەغداد و چاوى بە گەورە بەرپرسانى حکومى و سەرۆکی حیزبە سیاسییەکان بکەوێت.

بارزانى لە کاتى چاوپێکەوتنى لەگەڵ سودانى و سەرۆکی حیزب و لایەنە سیاسییەکان گوتى: ئامانجی سەردانیکردنم بۆ بەغداد پشتیوانى کردنە لەو دەستپێشخەرییەى سەرۆکوەزیران خستوویەتیە روو بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەیەکى راستەقینە بۆ کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەند.

گوتیشى، گفتوگۆکانمان بونیادنەرانە دەبن لەبارەى دۆخى ناوخۆ و هەرێمایەتى و هەردوولاشمان یەک بۆچوونمان هەیە لەبارەیانەوە.

سودانیش گوتى: سەردانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەغداد گرنگە، گفتوگۆى ئەرێنیمان کردووە بە مەبەستى چارەسەرکردنى کێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکان.

لە میانى سەردانەکەیدا بارزانى چاوى بە سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەریی کەوت و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا جەخیتان کردەوە: پێکەوە بابەتە یاساییەکانیان تاوتوێ کردووە بەتایبەتى باسیان لە بەرەو پێشبردنى یاسا کردووە لە هەرێمى کوردستان.
پاشان سودانى لەسەر شەرەفى بارزانى سفرەیەکى رێکخست و پێکەوە نورى مالیکی و عەمارحەکیم و بارزانى کۆکردەوە.

عائید هیلالیش راگەیاند: بارزانى خاوەنى پێگەیەکی سیاسی بەهێزە لە بەغداد، ئەم سەردانەش دەرئەنجامێکى باشى دەبێت بە تایبەتى لە دروستکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و حکومەتى ناوەندی.

ئاشکرایە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد نمونەیی نەبووە بەتایبەتى لە بارەى جێبەجێ نەکردنى مادەى 140 ەوە و دواجار بریارى ریفراندۆمى کوردستان لە ساڵی 2017 کە مەسعود بارزانى لە پشتى هەموو بریارەکانەوە بوو ، یەکێکى تر لە کێشەکان پەیوەندیی بە کۆنترۆڵکردنەوەى کەرکوکەوە بوو لە لایەن حەیدەر عەبادییەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەى شەڕو ناکۆکی لەنێوان ناوەند و هەرێم دروستبکات.

بەڵام تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێرو بەغداد بەشێکى زۆری بۆ بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵی دەگەڕایەوە کە لە مانگی ئایاری رابوردوو دادگا کورسی کۆتاکانى هەڵوەشاندەوە، لەو بوارەدا نزیکبوونەوەو لێکتێگەیشتنى باش هاتووەتە ئاراوە.

هەر لەو کاتانەوە بەردەوام هەولێر نیگەرانى هەبووە و لەڕێگەى جۆراوجۆرەوە دەریبڕیوە، بەتایبەتى لە بارەى دەستى دەستیکردنى ناوەند بۆ موچەى فەرمانبەران و ناردنى بەشە بودجە و هەناردەى نەوتەکەى، جگە لەو بڕیارە یاساییەکانى دژ بە هەرێم لەبارەى هەڵبژاردن و هەناردەى نەوت و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان، و لابردنى 11 کورسی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەى کۆتاکان.

کیفاح مەحمود راوێژکارى بارزانىیش بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە: ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد کاتێک گەشتە لووتکە کە لە ساڵی 2017 حکومەت پەناى بۆ چەک بردو بەشێک لە ناوچەکانى کوردستانییە ناکۆکی لەسەرەکانى خستەوە ژێردەسەڵاتى خۆی. گوتیشى تا ئێستاش کێشەى مادەى 140 یەکێکە لە مادە جێبەجێنەکراوەکانى دەستوورى عێراقى بەتایبەتى لە بارەى کەرکوک و شەنگال کە هەردووکیان لەبەردەم هەڕەشەى گۆڕانکاریی دیمۆگۆافیدان.

کیفاح بە رۆژنامەکەى گوتووە، لە گفتوگۆکاندا باس لە کێشەو لێکەوتەکانى جەنگی غەزە و لوینانیش کراوە و ئەو مەترسییانەش باسکراوە کە پەیوەندییان بە تێوەگلانى عێراق هەیە لەو جەنگەدا، لە لایەکى تریشەوە باس لە دەستێوەردانى توکیاش بە هۆی بوونى پارتى کرێکارانى کوردستانەوە کراوە لە قەندیل و شەنگال و ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارە بوونى ریژەیەکى زۆر لە هاووڵاتیانى دهۆک و پەک کەوتنى رێککەوتنى شەنگال، هەروەها تیشکیش خراوەتە سەر پارێزگای کەرکووک.

وەک راوێژکارەکەى بازرانى رایگەیاندووە: ئەم سەردانە زۆر لە کیشەکان چارەسەر دەکات و یەکلاییان دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP