دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 04/07/2024

دواى سەردانەکەى بارزانى بۆ بەغداد کێشەکان چارەسەر دەبن؟

هەرێم نیوز

سەردانەکەى بارزانى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەغداد سەرنجی هەموانى بەلاى خۆیدا راکێشاوە، لەبەر ئەوەى دوای شەش ساڵ ئەو دەرگا داخراوەى کردەوە و بەستەڵەکى نێوان خۆی و بەرپرسانى باڵاى عێراقى تواندەوە، ئەوەى کە لێی دەخوێنرێتەوە ئەوەیە کە چاوەڕێدەکرێت پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوەند بێنێتە ئاراوەو شەقامى عێراقیش پێیى وایە بەشێکى زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکرێت.

ئامانج لەسەردانەکەى بارزانى وەک بەرجەستەترین سەرکردەى کورد، ئەوەیە کە ئەو دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات و سەردانەکەى سەرزارەکى و ئاسایی تێنەپەڕێت، هەر ئەوەش وایکردووە کە حکومەتى ناوەندنى بە پەرۆشەوە بەرەو بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستانەوە بچن تا لەنێو چوارچێوەى وڵاتەکەدا کێشەکانى خۆیان چارەسەر بکەن بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندیی بە پارەو سەرفکردنى موچەى فەرمانبەرانەوە هەیە.

ئەوەى جێگەى سەرنجە لەماوەیەکى زۆر کەمی سەردانەکەدا زۆرینەى سەرکردە سیاسی و حکومییەکان لە هەڵپەی ئەوەدابوون کە بارزانى ببینن ئیتر لە سودانى سەرۆکوەزیرانەوە بیگرە تا دەگاتە سەرۆکی پارت و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتیە دیارەکانى نێو چوارچێوەى هەماهەنگی.

بەشداری پیکردنى بارزانى لە کۆبوونەوەى تایبەتى و ناوخۆیی چوارچێوەى هەماهەنگیدا بۆ ئەوەبوو کە واداری بارزانى بکەن کە وەک کورد لەگەڵیان رێکبکەوێت و ئەو پەیمانانەى کە پێشتر پێى درابوو جێبەجێ بکرێن، لە لایەکى تریشەوە کورد لەوە تێگەشتووە کە چارەسەرى کێشە گەورەکانى وەک هەناردەکردنى نەوت و هەندێک کێشەى دیکە لە دەستى ناوەند دایەو دەبێت چارەسەر بکرێت.

بەگوێرەى شیکاری شرۆڤەکاران بوونى بارزانى لە بەغداد چارەسەرى کێشەکان بۆ حکومەتەکەى سودانى ئاسانتر دەکات لەبەر ئەوەى دەزانن لە هەرێمى کوردستان قسەى یەکەم و کۆتایی ئەو دەیکات و بڕیاری یەکلاکەرەوە لای ئەوە و نە سەرۆکی هەرێمى کوردستان و نە سەرۆکی حکومەتیش لە بریارەکانى ئەو ناچنە دەرەوە، بەمانایەکى تر ئەوەى بەو دەکرێت بە هیچ کەسێکى دیکە ناکرێت.

بارزانى لەسەردانەکەیدا گوتى: حکومەتەکەى سودانى وا بەڕێوە دەچێت کە بگەینە ئەو باوەڕەى ئێمەش ئاسودەبین، گفتوگۆکانمان جێگە بگرن و بەم نزیکانەش دەگەینە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن.

ئەوانەى کە لە نزیکەوە کەسایەتى بازرانى دەناسن، باس لە مانۆڕەکانى دەکەن و پێیان وایە ئەم کارەى کاتى نییە و نایەوێت بە شێوەیەکی کاتى کوردستان لەکێشەکان دەرباز بکات و پاش ماوەیەکى تر وەک خۆی لێبێتەوە و بکەوێتەوە ژێر ئەو ئابڵۆقانەى پێشتر خراوەتە سەرى، بەتایبەتى لە دواى راگرتنى هەناردەکردنى نەوت، و خاوەخاوکردنى ناردنى مووچەى فەرمانبەران لە لایەن بەغدادەوە، کە بەردەوام نیگەرانى هاووڵاتیان بەدواى خۆیدا هێناوەو خۆپیشاندانى گەورەى لێکەوتووەتەوە.

پێشتر هەرێمى کوردستان سەربەخۆییانە نەوتەکەى لە رێگەى تورکیاوە دەناردە دەرەوە، بەڵام لە مانگی ئازاری 2023 ەوە دادگاى پاریس هەناردەکەى بە نایاسایی ناساندو بریارى راگرتنى دا و ئەوەش لە بەرژەوەندی عێراق شکایەوە، دواتر هەرێمى کوردستان بەوە رازی بوو کە نەوتەکەى لەڕێگەى ناوەندەوە بفرۆشرێت بەمەرجێک پشکی خۆی لە نێو بودجەدا بە باشى جێگەبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەم بڕگەیە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە لە لایەن عیراقەوە دەبوو جێبەجێ بکرێت.

لە لایەکى تریشەوە کاتى سەردانەکەى بارزانى بۆ بەغداد گونجاو بوو،  لەبەر ئەوە دەیەوێت پێش لە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لەڕووى ئابورییەوە بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت، ئەو پۆستانەى پێشتر لە بەرژەوەندى نەیارەکانى لەدەستى داوە بیانگەڕێنێتەوە و بەهێزێکى گەورەترەوە بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکات.

بەگوێرەى راگەیەنراوى حکومەتى ناوەندى هەردوولا لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەى هاوبەش گفتوگۆیان کردووە بەتایبەتى بابەتەکانى چاکسازیی، ئابوری، تەواوکردنى دامەزراوە یاساییەکان و چالاککردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد لە هەموو بوارەکاندا.

هەروەها باس لەوەش کراوە کە عێراق پابەندبێت بە خزمەتکردنى سەرجەم ناوچەکانى عێراق بە بێ جیاوازیی و بە هەرێمى کوردستانیشەوە، بەتایبەتى لە بوارەکانى ئاسایشى دوولایەنە و سەقامگیریی ناوچەکە.

بەگوێرەى بەداواداچوونەکان ، دواى سەردانەکەى بارزانى بەشێکى زۆر لەکێشەکان چارەسەر دەبن و تەنها پێویستیان بە لایەنى هونەرى و یاسایی دەبێت، بەتایبەتى ئەوانەى کە پەیوەندییان بە کێشە سیاسییەکان و بابەتەکانى مووچەى فەرمانبەرانەوە هەیە، لەگەڵ هاوڕابوونیان لەبارەى یاسای نەوت و غاز و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP