دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 01/07/2024

ناکۆکییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی و کاردانەوەکانى لابردنى ئەبو زەینەب

هەرێم نیوز

پەشیمانبوونەوە لە لابردنى ئەبوزەینەب ئەللامی ئەندانى سەرکردایەتى میلشیاکانى حیزبوڵاى عێراقى بە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى حەشدى شەعبی جۆرێک لە خێرایی پێوە دیارە، ئەویش لە دواى بیست و چوار کاتژمێر هات لە بڕیارەکەى دەستەى بەڕێوەبردنی حەشدى شەعبی، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو نیگەرانییانەى کە لە ئەنجامی بریارەکەوە کەوتە نیو ئەو دامەزراوەوە، بووە گرفتێکى سەرەکی لەنێو ئەو رێکخراوەدا کە لە ئەنجامى یەکگرتن و چوونە پاڵ یەک و بوونە خاوەنى بودجە و هەژمونێکى زۆر و لە بوارى ئەمنییەوە گوازاریەوە بۆ بوارى سیاسی و ئابووری.

ماوەیەک پێش لە ئێستادا فالح فەیاز سەرۆکی دەستەى حەشدى شەعبی بەڕێوەبەرى ئاسایشى حەشدى شەعبی لە پۆستەکەى دوور خستەوە ، بەڵام هێشتا 24 کاتژمێر بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕی نەکردبوو کە لە لایەن بەرپرسانى حکومى و حیزبییەوە فشار خرایە سەر فەیاز  و لە بڕیارەکەى پەشیمانیان کردەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن پەشیمان بووەنەوە لە بڕیاری لەکارلادانى لامی ناکۆکییەکانى نێو حەشدى شەعبی دەرکەوتن و دەرکەوت کە لامی لەنێو حەشدى شەعبیدا پێگەیەکى تایبەتى هەیە و بەیەکێک لە باڵ و چاوە سەرەکییەکانى ئێران دادەنرێت لەعێراق و زۆرترین پابەندی هەیە بە ئەجێنداکانى سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە لە عیراق و پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بەو هێرشانەوە کە پێشتر کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق.

پێشتریش ئەمریکا سزاى خستووەتە سەر لامی  کە ناوەڕاستەقینەکەى (حسێن فالح) ەو رۆڵی هەبووە لە سەرکوتکردن و کوشتن و راوەدوونانى خۆپیشاندەرانى ساڵی 2019 ى عێراق.

یەکێک لە سەرچاوەکان باس لە رۆڵێ عەبدولعەزیز مەحمەداوى ناسراو بە – ئەبوفەدەک- سەرۆکی ئەرکانى سوپاى حەشدى شەعبی دەکەن لە گەڕانەوەى لامی بۆ پۆستەکەى و پوچەڵکردنەوەى بڕیارەکەى فالح فەیاز بەشیوەیەکى گشتى کە دەیەویست دەستکاری بونیاد و پێکهاتەى حەشدى شەعبی بکات.

هەمان سەرچاوە رونیکردووەتەوە ململانێکانى ئەم دواییەى نێو حەشدى شەعبی کێشەو گرفتەکانى نێو ئەو باڵە نیشان دەدات کە لە ئێرانەوە نزیکن  و دەیانەوێت رۆڵی سەرەکى لەنێو حەشد دا بگێڕن، هەرچەندە فالح فەیاز کە پێشتر پۆستى راوێژکاری ئاسایشى نیشتمانى عێراقى هەبووەو بەیەکێک لە نزیکەکانى ئێران هەژمار کراوە بەڵام بەم روداوەدا دەردەکەوێت لامی نزیکترە لێیانەوە.

وەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەمان پێدا لامی بەو پێیەى ئەندامى سەرکردایەتى حیزبوڵاى عێراقییە، لە هێرشەکانى سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا تێوەگلاوە، بەتایبەتى لە هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد لە ساڵی 2020 لەدواى کوژرانى قاسم سولەیمانى سەرکردەى سوپاى قودس و ئەبومەهدی موهەندیس لەسەرەتاى ئەو ساڵەدا، لەبەر ئەوەى لامی پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ سولەیمانى و موهەندیس دا هەبووە و بەو هۆیەوە توانیویەتى هەژمونێکى زۆری لەنێو حەشددا هەبێت، هەربۆیە بڕیاری گەڕانەوەى لامی بۆ پۆستەکەى ماناى سەرکەوتنى لامی و شکستى بریارەکەى فەیازە، هەندێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن لادانى لامی بەو مانایە دەهات کە بردنەدەرەوەى پارەو قاچاخچێتى چەک و تەقەمەنى و پەلکێشى ئێرانییەکان ودەستگرتن بەسەر جومگە هەستیارەکانى دەوڵەتیش دا کۆتایی دەهات و بێگومان ئێرانیش ئەمەى قبوڵ نییە.

هەرچەندە لامی بەڕێوەبەری بەشێکى هەستیارى نێو حەشدى شەعبی بووە، لێپێچینەوەى زۆری لەسەرکردەو ئەندامانى حەشد کردووە کە سەرپێچى یاساییان کردووە، بەڵام وەک پەرلەمانتاران و نزیکەکانى خۆی دانیان پێدا ناوە خۆیشی دەستى هەبووە لە داگیرکردنى موڵک و ماڵی دەوڵەت و لە بوارى قومارو بازرگانى خواردنەوەو تەنانەت لەشفرۆشیشدا دەستێکى باڵاى هەبووە.

لە دواى بڕیارى گەڕاندنەوەکەى لامی لە تۆڕی ئێکس سوپاسی هەموو ئەوانەى کرد کە پشتیوانییان کردووە و بە شەریف ناوى هیناون  و سوپاسى هەڵوێستى کردوون کە لەبەردەم پلانێکى ئەمریکاى داگیرکەردا وەستاونەتەوە وەک خۆی دەڵێت.

ئەمەش بەناراستەوخۆ فەیاز دەخاتە بەرەوى ئەمریکاو بە خیانەتکار لە ئامانجەکانى حەشدى شەعبی وێنا دەکات و لابردنەکەى بەدەستى بێگانە ناودەهێنێت، یەکێکى ترلەو کارانەى کە بەشێک لە سەرکردەکانى حەشدى شەعبی فەیازی پێ تاوانبار دەکەن سەردانیکردنى پارێزگای ئەنبار و کۆبونەوەى بووە لەگەڵ گەورە ناوداری سونییەکانى ئەو پاریزگایە بەناوى عەلى حاتەم سلێمان کە سەرجەم شیعەکان بە کەسێکى تیرۆریست ناوى دێنن..

عەلى تورکی پەرلەمانتارى سادقونى سەر بە عەسائبی ئەهلی حەقیش بەئاشکرا داواى لەکارلادنى فالح فەیازی کردووە، گوتویەتى فەیاز بە رێکەوت بووەتە سەرکردە لە حەشدی شەعبی، تۆمەتى بەکارهێنانى دەسەڵاتەکانى لەبەرژەوەندی خۆی خستوەتە پاڵ و گوتوویەتى حەق وایە رادەستى لیژنەى دەستپاکی بکرێت و لێکۆڵینەوەى لەگەڵدابکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP