دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24/01/2024

د.هەردی میکە: کورد بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پێویستی بەیەک گوتاریی هەیە

رێبین حەسەن - سلێمانی

پسپۆڕێکی بواری سیاسی لەهەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات لەعێراقدا تەنیا سودانی بۆ دانوستاندن بەس نییە و پێویستە کورد بەیەکگوتاریی و لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە لەحکومەتی عێراقدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکات ، پێشیوایە دوای هێرشەکانی سەر غەزە پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر خراپ بووە.

د.هەردی مەهدی میکە، مامۆستای زانکۆو چاودێری سیاسی، بەهەرێم نیوزی ڕاگەیاند، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم، پەیوەندییەکان دیاریکراو نین و لەعێراقدا یەک نوێنەرایەتیکردن نییە و تەنیا حکومەتی سوودانیش بەرپرس نییە، تاوەکو ئێمە بڵێین دەچین لەگەڵ حکومەتی عێراق سازش دەکەین و بەو خاڵانە دەیبەینەوە.

وتیشی ،"لەبەرئەوە لەعێراقدا یەک نوێنەرایەتی کردن نییە، وەک جاران کە مام جەلال و کاک مەسعود لەناوەڕاست و حەکیم لەباشوور، لەنێوان چوار کەسدا ڕێکەوتن دەکرا، دەگەیشتنە ئەنجام".

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا شیعە ماڵەکەی دووسێ پارچەیە، سونە هەژموونی نەماوە، تاکو ببێتە پڕکردنەوەی درزی نێوان کورد و شیعە، کە بۆ ئێمە جاران کە تەوافوق هەبوو باش بوو.

بەبڕوای د.هەردی میکە، بەداخەوە پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر، دوای هێرشەکانی سەر غەززە ئاڵۆزتربووە و دەبێت، بۆیە پێویستە کورد بەدوای هاوپەیمانەکانی بگەڕێت تەنیا ناتوانێت بەپێی دەستوورو نوێنەرەکانی کە لەبەغدان خۆی ڕزگار بکات و هاوبەشی لەگەڵ ئەو هێزانەدا بکات کە پێویستیان پێیەتی.

لەبارەی پێویست بوونی کودەنگی و یەکگوتاری کورد بۆ گەیشتن بەماف و داواکارییەکانی و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، یەک گوتاری کورد بەمانای ئەوەی جێگیرییەکی هەبێت بریتی بێت لەپاراستنی قەوارەی هەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان.

باسیلەوەشکرد: سێ شت هەیە گرنگە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای یەکگوتاری، چاکسازی ڕاستەقینە لەناو هەرێم بکرێت و خەڵک متمانەی بۆ بگەڕێتەوە، هاوبەشی ڕاستەقینە لەناو حکومەتدا دروست بێتەوە و تەنیا حکومەتی لایەنێک نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP