دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

مانگرتنی مامۆستایان لەنێوان داواکاری ڕەوا و شکستی ئۆپۆزسیۆن

‎هەرێم نیوز

مانگرتنی مامۆستایان پێی نایە چواردەهەم رۆژییەوە، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان و خێمەکەشیان بووەتە شوێنی موزایدەی لایەنە سیاسییەکان، هەرکەس هەڵدەسێ گوتاری سیاسی خۆی دەخوێنێتەوە و گۆرانی بۆ حزبەکەی خۆی دەچڕێت.

‎خۆپیشاندان و مانگرتن، بەشێکە لە ئازادی مرۆڤ لەهەموو سیستمێکی دیموکراسیدا، مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانیش بەشێک لەداواکارییەکانیان ڕەوان و داواکاری زۆربەی موچەخۆرانە، بەڵام دەبێ بزانن پێش هەرشتێک کاتی مانگرتنەکەیان کاتێکی گونجاونەبوو، چونکە ئەو دەمەی ئەوان مانیانگرت، حکومەتی هەرێم بەچڕی دانوستانی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەستپێکردبوو، لەگەرمەی مانگرتنەکەدا ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشکراکرا و مژدەی ئەوەش بەهەمووان درا، کە گرەنتی مووچەکانی ساڵی ۲٠۲٥ کراوە، ئەمەش خۆی بۆخۆی گورزێک بوو لەمانگرتووان و وایکرد خەڵک کەمتر هاوسۆزییان بێت، چونکە پێشتر هەر ئەوانەبوون داوای ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون چیتر کێشەی دارایی و موچەمان نامێنێ.

‎بەدرێژای خۆپیشاندان و چالاکییە مەدەنییەکان هەمیشە دەستێوەردانی حزبی و بگرە دەرەکیش تێکەڵ بووە و ئەمەش وایکردووە سەرەنج لەسەر کەیسە بنەڕەتییەکە بگۆڕێت و چالاکییەکە بەلاڕێدا بروات، چونکە هەر حزبەو هەوڵدەدات وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر جەستە و خوێنی مانگرتووان بکات، ئەگەرچی بەشێک لەمانگرتووانیش بەدەرنین لەوەی تموحی سیاسییان هەبێت، چونکە پێشتر سێ لەمانگرتووەکان کاندیدی نەوەی نوێ و بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست بوون بەڵام هیچیان دەرنەچوون، پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەو سێ کەسە دەنگیان بهێنایە ببونایە بەپەرلەمانتار ئێستا ئامادەبوون مان لەخواردن بگرن؟! بێگومان نەخێر.

بۆیە نمونەی خۆپیشاندانی ۱۷ی شوباتی ۲٠۱۱ نمونەیەکی بەرجەستەیە، کەدەیان فیگەری سیاسی دروستکرد، دواتر چونە پەرلەمان و بەوهۆیەوە خۆیان دەوڵەمەند کرد و ئەوەشی تیاچوو، هەروا ڕۆشت.

‎ئەوەی لەم نێوەندەدا پرسیارە و هەتا ئێستا بێ وەڵامە، بۆچی لایەنە سیاسییەکان کاتێک ناتوانن ململانێی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، لەبری ئەوەی لەڕێگەی دیموکراسی و سندوقەکانی دەنگدانەوە پارتی بکەنە کەمینە و لەحوکمڕانی دووری بخەنەوە پەنا بۆ خۆپیشاندان و داواکاری ڕووخان دەبەن، لەکاتێکدا پێشتر هەر ئەم لایەنانە دەیانوت تەزویر دەکرێ لەهەڵبژاردن و مردوو دەنگدەدا و کۆمسیۆن هی خۆیانە، پارتی بەدەنگی دهۆک حوکمی کوردستان دەکات، خۆ لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ۲٠_۱٠_ ۲٠۲٤ بەڕێوەچوو، کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتیکرد و مردوو دەنگینەدا و هەڵبژاردن فرە بازنەی بوو، هیچ بەڵگەیەکیش نەبوو بۆ تەزویر، بۆچی پارتی دەنگەکانی زیاتر بوو، زیاد لە ۸٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا و بووە یەکەمی کوردستان دوو هێندەی دووەم کەیەکێتییە کورسی بەدەستهێنا.

‎ئەوەی لەم نێوەندەدا جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، شکستی گەورەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنە، کەبە هەموویانەوە ناتوانن لەهەولێردا هیچ جوڵەیەکی ناڕەزایەتی دروست بکەن، بۆچی نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست و گۆڕان و تەنانەت یەکێتیش نەیانتوانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان تەیار بکەن لەهەولێر بۆخۆپیشاندان و گردبوونەوە، بەڵکو بەردەوام چاوەڕێی خەڵکانێک دەکەن خۆپیشاندان بکەن لەسلێمانی و بەدیلیڤەری بینێرن بۆ هەولێر، ئاشکراشە کە پارتی ڕێگا بەوەها خۆپیشاندانێک نادات و پێی وایە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دوورنییە خەڵکانێک تێکەڵ بن، کە مەبەست و مەرامی تێکدانی هەولێرییان هەبێ، کە پایتەختی سیاسی هەرێمی کوردستانە و بەدەیان کونسوڵخانە و کۆمپانیای گەورەی تێدایە و ڕێگا نادەن ئارامی ئەو شارە بکرێتە ئامانج.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP