دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

مانگرتنی مامۆستایان لەنێوان داواکاری ڕەوا و شکستی ئۆپۆزسیۆن

هەرێم نیوز

‎مانگرتنی مامۆستایان پێی نایە چواردەهەم
‎رۆژییەوە، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان و خێمەکەشیان بووەتە شوێنی موزایدەی لایەنە سیاسییەکان، هەرکەس هەڵدەسێ گوتاری سیاسی خۆی دەخوێنێتەوە و گۆرانی بۆ حزبەکەی خۆی دەچڕێت.

‎خۆپیشاندان و مانگرتن، بەشێکە لە ئازادی مرۆڤ لەهەموو سیستمێکی دیموکراسیدا، مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانیش بەشێک لەداواکارییەکانیان ڕەوان و داواکاری زۆربەی موچەخۆرانە، بەڵام دەبێ بزانن پێش هەرشتێک کاتی مانگرتنەکەیان کاتێکی گونجاونەبوو، چونکە ئەو دەمەی ئەوان مانیانگرت، حکومەتی هەرێم بەچڕی دانوستانی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەستپێکردبوو، لەگەرمەی مانگرتنەکەدا ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشکراکرا و مژدەی ئەوەش بەهەمووان درا، کە گرەنتی مووچەکانی ساڵی ۲٠۲٥ کراوە، ئەمەش خۆی بۆخۆی گورزێک بوو لەمانگرتووان و وایکرد خەڵک کەمتر هاوسۆزییان بێت، چونکە پێشتر هەر ئەوانەبوون داوای ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون چیتر کێشەی دارایی و موچەمان نامێنێ.

‎بەدرێژای خۆپیشاندان و چالاکییە مەدەنییەکان هەمیشە دەستێوەردانی حزبی و بگرە دەرەکیش تێکەڵ بووە و ئەمەش وایکردووە سەرەنج لەسەر کەیسە بنەڕەتییەکە بگۆڕێت و چالاکییەکە بەلاڕێدا بروات، چونکە هەر حزبەو هەوڵدەدات وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر جەستە و خوێنی مانگرتووان بکات، ئەگەرچی بەشێک لەمانگرتووانیش بەدەرنین لەوەی تموحی سیاسییان هەبێت، چونکە پێشتر سێ لەمانگرتووەکان کاندیدی نەوەی نوێ و بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست بوون بەڵام هیچیان دەرنەچوون، پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەو سێ کەسە دەنگیان بهێنایە ببونایە بەپەرلەمانتار ئێستا ئامادەبوون مان لەخواردن بگرن؟! بێگومان نەخێر.

‎بۆیە نمونەی خۆپیشاندانی ۱۷ی شوباتی ۲٠۱۱ نمونەیەکی بەرجەستەیە، کەدەیان فیگەری سیاسی دروستکرد، دواتر چونە پەرلەمان و بەوهۆیەوە خۆیان دەوڵەمەند کرد و ئەوەشی تیاچوو، هەروا ڕۆشت.

‎ئەوەی لەم نێوەندەدا پرسیارە و هەتا ئێستا بێ وەڵامە، بۆچی لایەنە سیاسییەکان کاتێک ناتوانن ململانێی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، لەبری ئەوەی لەڕێگەی دیموکراسی و سندوقەکانی دەنگدانەوە پارتی بکەنە کەمینە و لەحوکمڕانی دووری بخەنەوە پەنا بۆ خۆپیشاندان و داواکاری ڕووخان دەبەن، لەکاتێکدا پێشتر هەر ئەم لایەنانە دەیانوت تەزویر دەکرێ لەهەڵبژاردن و مردوو دەنگدەدا و کۆمسیۆن هی خۆیانە، پارتی بەدەنگی دهۆک حوکمی کوردستان دەکات، خۆ لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ۲٠_۱٠_ ۲٠۲٤ بەڕێوەچوو، کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتیکرد و  مردوو دەنگینەدا و هەڵبژاردن فرە بازنەی بوو، هیچ بەڵگەیەکیش نەبوو بۆ تەزویر، بۆچی پارتی دەنگەکانی زیاتر بوو، زیاد لە ۸٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا و بووە یەکەمی کوردستان دوو هێندەی دووەم کەیەکێتییە کورسی بەدەستهێنا.

‎ئەوەی لەم نێوەندەدا جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، شکستی گەورەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنە، کەبە هەموویانەوە ناتوانن لەهەولێردا هیچ جوڵەیەکی ناڕەزایەتی دروست بکەن، بۆچی نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست و گۆڕان و تەنانەت یەکێتیش نەیانتوانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان تەیار بکەن لەهەولێر بۆخۆپیشاندان و گردبوونەوە، بەڵکو بەردەوام چاوەڕێی خەڵکانێک دەکەن خۆپیشاندان بکەن لەسلێمانی و  بەدیلیڤەری بینێرن بۆ هەولێر، ئاشکراشە کە پارتی ڕێگا بەوەها خۆپیشاندانێک نادات و پێی وایە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دوورنییە خەڵکانێک تێکەڵ بن، کە مەبەست و مەرامی تێکدانی هەولێرییان هەبێ، کە پایتەختی سیاسی هەرێمی کوردستانە و بەدەیان کونسوڵخانە و کۆمپانیای گەورەی تێدایە و ڕێگا نادەن ئارامی ئەو شارە بکرێتە ئامانج



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP