هەرێم نیوز
دوای بڕیاری ڕەتکردنەوەی دانوستان لەلایەن خامنەییەوە، دۆخی دارایی ئێرانتا دێت وێرانتر دەبێت و تمەن نۆ ملیۆنی تێپەڕاندووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش بە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕاگەیاندووە، پێی خۆشە لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن و "ئەگەر ڕێککەوتنێک بکەین، ئیسرائیل بۆردومانیان ناکات".
سەرۆککۆماری ئەمریکا باسی لە بابەتەکانی ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئێران ناکات: پێم خۆش نییە پێتان بڵێم چی پێیان دەڵێم. "ئەوە کارێکی باش نییە." ترەمپ وتی هیوادارە "بڕیار بدەن ئەو کارە نەکەن کە ئێستا بیری لێدەکەنەوە".
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە پێشکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەرەو بەرهەمهێنانی چەک زیادی کردووە و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە ڕاشکاوی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردووەتەوە.
ڕۆژی هەینی، ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕایگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی دانوستانە ئەتۆمییەکانی پێشوو، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا "نە ژیرانە، نە زیرەکانەیە، نە شەرەفمەندانەیە". ئەو وتی نابێت لەگەڵ حکومەتی ترەمپ دانوستان بکرێت و هۆکارەکەشی ئەو ئەزموونەیە کە پێشتر هەمانبووە، ڕێککەوتنمان کرد و بەڵام ترەمپ خۆی ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئەوە لە کاتێکدا بوو، پێش ئەم قسانە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆمار و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وێڕای ئەوەی ڕەشبینی خۆیان لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئێران دەربڕی، بەڵام ڕایانگەیاندبوو کە ئامادەن بۆ دانوستان.
ڕۆژێک پێش وتارەکەی ڕێبەری ئێران، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان سەپاندووە کە ساڵانە یارمەتی گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێران بۆ چین دەدەن.
ڕاگەیاندنی ئەم سزایانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دا هەناردەی نەوتی ئێران تا ئاستی سفر کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی "ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت".
ترامپ هەفتەی ڕابردوو فەرمانی جێبەجێکردنی سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی بەرامبەر ئێران واژۆکرد، ڕایگەیاند کە ڕێگری دەکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیەوێت ئێران وڵاتێکی سەرکەوتوو بێت و بگاتە "ڕێککەوتنێکی ئاشتی ئەتۆمی پشتڕاستکراوە" لەگەڵ ئەمریکا.
وتاری هەینی خامنەیی هیواکانی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کاڵکردەوە و پەیامێکی بۆ چالاکانی ئابووری نارد کە پێدەچێت جێبەجێکردنی سیاسەتی زۆرترین فشار بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت. نرخی تمەن گەیشتە نزمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا و بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەروو 9 ملیۆن تمەنی ئێرانی.
بە واتایەکی تر ئەم جۆرە هەڵوێستە سیاسیانە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ئاماژەیەک بۆ بازاڕ دەنێرێت کە پێویستە چاوەڕوانی کەمبوونەوەی داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و توندکردنەوەی بازرگانی دەرەکی بکات. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دوای پەیامێکی لەو شێوەیە کاردانەوەیەکی سروشتی بازاڕە.
لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە ماوەی ڕابردوودا، ئیسرائیل بەشێک لە دامەزراوە مووشەکییەکان و سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێرانی کردە ئامانج.
کاربەدەستانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل "زیانێکی سنووردار و کەمترین"یان هەبووە، بەڵام میدیا نێودەوڵەتییەکان بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد و شیکاری پسپۆڕان، زیانی بەرچاو و جیددییان بە هەندێک دامەزراوە سەربازییەکان و بە تایبەت تواناکانی بەرگریی ئێران ڕاگەیاندووە.
دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشەکە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا لەوەی ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جاری سێیەم هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە، ئابووری وڵاتەکەی ئیفلیج دەبێت.