دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17/07/2023

وەزیرى کشتوکاڵ: مەترسى کەمئاوییمان لەسەرە

هەرێم نیوز

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەوتوینەتە نێو مەترسیی کەمیی ئاو و دەبێت هەوڵەکان بۆ پاراستنی سامانی ئاو زیاتر بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەمە، بێگەرد تاڵەبانی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆنفراسێکی تایبەت بە ژینگە لە هەولێر، رایگەیاند، "کەوتوینەتە نێو مەترسی کەمی ئاو، ڕۆژانە دەبینین سەرچاوە ئاویەکان دەگیرێتەوە، بەشێک لە کانی و کارێزەکانی وڵاتی خۆشمان بەبۆنەی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەواوە ڕوبەروی وشک بون دەبن، کە ئەوەش کاریگەریەکی گەورەی دروستکردوە لەسەر چۆڵبونی بەشێک لە گوندەکان، نەمانی شێوازی بەخێوکردنی ئاژەڵداری گوندنیشینەکان و جوتیاران لەو ناوچاوەنەی سەرچاوە ئاویەکانیان کەمبوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی هەمومانە بەیەکەوە شان بدەنە بەر پڕۆسەیەکی گرنگ لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی روبەری سەوزایی بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتەکەی خۆمان بپارێزین.

ئەوەشى خستەڕو، "لەدوای دەست بەکاربونمان لە کابینەی نۆیەم توانیمان بە دروستکردنی بەنداو و دروستکردنی پۆند و بەهێنانی تەکنەلۆجیایەکی تازە بۆ ئەوەی جوتیارەکانمانیان پێ ئاشنا بکەین لە چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاو، تەنانەت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەیوەندیدارەکانمان بەتایبەتی لە بەڕیوبەرایەتی گشتی باخداری لە بەرێوبەرایەتی گشتی توێژینەوەو ڕێنمای کشتوکاڵی لەسەر زیادکردنی روبەری سەوزایی و بەرهەمهێنانی ئەو بنە تۆیانەی بەرگەی وشکە ساڵی و کەم ئاوی دەگرن کاری گەورەمان کردوە".

وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوەشکرد، "ئەو تەکنەلۆجیایانەی پێویستە ببن بە بەشێک لە شێوازی کارکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئاشناپێکردنی جوتیارەکانمان بەو تەکنەلۆجیایانە بۆ ئەوەی لە سیستەمی تەقلیدی کۆن دەربچین لە چۆنیەتی کشتوکاڵ کردن بچینە ناو سیستەمێکی تازە، کە ئێستا لەهەمو دونیادا کاری پێدەکرێت کە بەکارهێنانی کەمترین روبەری زەوی کشتوکاڵی کەمترین ئاو و زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵیە بۆناو بازارەکان". 

بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، "گۆڕانکاری بۆ شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هۆشیاریەکی زۆرە کە جوتیارەکانمان پێی ئاشنابن، هەم بتوانرێت ئەو تاقەیەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەیە بۆ چۆنیەتی کشتوکاڵکردن و ئیدارەدانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایانەی کە پێویستە بدرێتە جوتیاران دوبارە ڕێکبخرێتەوە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP