بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، حاجیانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێ کەلوپەلی حاجیان بگوازنەوە گرێبەستنی فەرمییان نییە و پێویستە حاجیان بەو پەڕی هەستیارییەوە ئاگاداری ئەو بابەتە بن.
دەقی ئاگاداری نامەکەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان:
ئاگادارییەک لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی کوردستان ئاگاداری سەرجەم حاجیانی کوردستان لە شاری مەککەی پیرۆز دەکاتەوە کە گرێبەستییان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی یان دەرەکی نییە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی گواستنەوەی حاجیان لە سعوودیەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆیە لێرەوە هەموو حاجیانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێ کەلوپەلی حاجیان بگوازنەوە گرێبەستنی فەرمییان نییە و پێویستە حاجیان بەو پەڕی هەستیارییەوە ئاگاداری ئەو بابەتە بن.
لێرەوە بە هەموو حاجیانی کوردستان رادەگەیەنێن کە بەرێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرپرس نییە لە نەگەیشتنی کەلوپەلی حاجیان یاخود درەنگ گەیشتنی یاخود هەرشتێکی دیکە کە بەسەر کەلوپەلەکاندا بێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە رێنمایی حاجیان دەکات کە دەتوانن بەو ئەندازەی بۆیان دیاری کراوە لە ناو فرۆکە کە بریتییە لە ٣٠ کیلۆ کەلوپەل بگوازنەوە و بەو پێیەی ئەو کەلوپەلانەی کە بە دیاری لە سعوودیە دەکڕن بەشێکی زۆریان بە نرخی کەمتر لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەمە جگە لە کوالیتی کەلوپەلەکان ئەمەیش لە پێناو ئەوەی کە پارەی حاجیان بەهەدەر نەچێت و تووشی زەرەر نەبن.
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان
٢\٧\٢٠٢٢
مەککەی پیرۆز - سعوودیە