دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/05/2022

120 بەنداوى بچوک و پۆند لە هەرێمى کوردستان و عێراق دروست دەکرێن

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ چوار شەممە، بێگەرد تاڵەبانی، بەشداری لە کۆبونەوەی لێژنەی نیشتیمانی باڵای ئاو کرد لەبەغدا، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە روبەروبونەوەی کاریگەریەکانی ووشکەساڵی و کەمئاوی و بڕیاردراوە  120 بەنداوی بچووک و پۆند لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.

بەگوێرەى ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتەکەى، ئەمڕۆ چوارشەمە، لە بەغدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەشداریکرد لە کۆبونەوەی لێژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو، وەکو ئەندامی لێژنەی باڵا بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشخراوەتەڕو، ئەم کۆبونەوەیە بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال بەرێوەچوو، کە تیایدا وەزیرانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، وەکیل وەزیر و راوێژکاران و ب.گشتی بەنداوەکانی هەرێم ئامادەیبوون .

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبونەوەکە تایبەتبوو بە روبەروبونەوەی کاریگەریەکانی ووشکەساڵی و کەمئاوی ،کە بەداخەوە ماوەی چەند ساڵە لەسەر یەک ئەم دیاردەیە دووبارە دەبێتەوە ،وە باسی خستنەرووی پلانی چاندنی کشتوکاڵی لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا ، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی کەم ئاوی کە بەڕێژەیەکی زۆر کەم کراوەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەبەشێکی تری ئەم کۆبونەوەیە تاوتوێی بابەتی ووشکەساڵی و رێکاری چارەسەری بۆ ووشکەساڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان خرایەروو .

باس لەوەشکراوە، شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پوختەیەک لە کاریگەریەکانی ووشکەساڵی و زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران بۆ ئامادەبووان خستەروو ،وە باسی پێویستیەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ روبەروبونەوەی دەرئەنجامەکانی ووشکەساڵی .

ڕاشگەیەنراوە، لەم بارەیەوە شاندی وەزارەت پێشنیاریانکرد کە ئەو بودجەیەی لە(پڕۆژە یاسایی کۆمەکی خێرایی پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک) تەرخان دەکرێت ، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بۆ بابەتی ووشکەساڵی و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جوتیاران و قەرەبوکردنەوەی زیانەکان.

هەر لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتر بە ستراتیژی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، لە کۆبونەوەکە بڕیاردرا بە دروستکردنی (120) بەنداوی بچووک و پۆند لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئاشکرایکردووەـ جێی باسە سەرۆک وەزیران بریاریدا کە هەر وەکو شوێنە جیاوازەکانی تری عێراق بۆ دۆخی بەڕێوەبردنی کشتوکاڵ و ئاو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP