دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

بۆچی ترەمپ دەیەوێت کۆنترۆڵی غەززە بکات و ئایا دەتوانێت ئەو کارە بکات؟

هەرێم نیوز

پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ "داگیرکردن" و "خاوەندارێتی"کردنی غەززە و گواستنەوەی دانیشتووانەکەی، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سەرسوڕمان و ئیدانەکردنی گشتی بووەتەوە.

ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدا کراوە کە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەیە و لە هەمان کاتدا نادڵنیایی لەبارەی چارەنووسی غەززە لە دوای شەڕەوە هەیە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی دوو لەسەر سێی بیناکانی غەززە دوای ١٥ مانگ شەڕ وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە.

ئەو پلانە ناڕوونەی ترەمپ دەتوانێت گەورەترین گۆڕانکاری بێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی دەیان ساڵدا، هەروەها دەتوانێت ئەو کۆدەنگییە فراوانە نێودەوڵەتییەش کە هەیە لەسەر دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستین بخاتە ژێر ئاڵنگاریەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو پێشنیازەی بەدڵ بووە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی و هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بە توندی ڕەتیانکردووەتەوە.



بۆچی لە ئێستادا ئەم قسانەی ترەمپ کرا؟

ئەگەر ترەمپ لەبارەی یەک شتەوە ڕاست بکات، ئەویش ئەوەیە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەیان ساڵەی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئیسرائیل و فەلەستین شکستی هێناوە لە چارەسەرکردنی کێشەکە.

وێڕای پلانی ئاشتی و هاتنی سەرۆکەکان، یەک لە دوای یەک، بەڵام قەیرانەکە هەر ماوەتەوە. هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و شەڕی دواتر لە غەززە، دەرئەنجامێکی ترسناکی ئەم دۆخە بوو.

ترەمپ کە سامانە بەرفراوانەکەی لە بواری خانووبەرەدا بەدەستهێناوە، لەم ڕوانگەیەوە خاڵێکی لۆژیکی دەخاتە ڕوو: ئەگەر بڕیار بێت غەززە ئاوەدان بکرێتەوە و لە هەندێک ناوچەدا بە تەواوی ئاوەدان بکرێتەوە، ئەوە نالۆژیکییە سەدان هەزار هاوڵاتی هاوکات تێیدا بەردەوام بن لە ژیانکردن لەو وێرانەدا.

ئاوەدانکردنەوەی غەززە ئەرکێکی ئاڵۆز و قورس دەبێت. دەبێت تەقەمەنی نەتەقیو و کۆمەڵە پاشماوەکان پاک بکرێتەوە. تۆڕەکانی ئاو و کارەبا پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە. پێویستە قوتابخانە و نەخۆشخانە و دوکانەکان ئاوەدان بکرێنەوە.

ستیڤ ویتتاکەر، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ئەم پرۆسەیە چەندین ساڵ بخایەنێت و لەو ماوەیەشدا فەلەستینییەکان پێویستیان بە شوێنێک دەبێت بۆ ژیان.

بەڵام ترەمپ لەبری ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕێگاکانی نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکان لە نزیک ماڵەکانیان بکات، کە بە دڵنیاییەوە کەمپەکانی ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت، ترەمپ دەڵێت پێویستە هانبدرێن بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە ناوچەکە بەجێبهێڵن.

ترەمپ پێی وایە لە غیابی فەلەستینییەکان، "کەناراوێکی بەهەشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لەو وێرانە دروست دەکرێت، لەژێر خاوەندارێتی ئەمریکادا، هەزاران هەلی کار و وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت و لە کۆتاییدا، دەبێتە شوێنێک بۆ "خەڵکی جیهان بۆ ژیان".

بۆچی قسەکانی ترەمپ ئەوەندە مشتومڕیان لەسەر بووە؟

هیچ سەرۆکێک لە مێژووی ئەمریکادا، خەیاڵی ئەوەی نەدەکرد کە چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە خاکی فەلەستین و دەرکردنی دانیشتووانەکەی دەگرێتەوە.

بێ گومان ئەنجامدانی ئەو کارە بە زۆرەملێ پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی دەبێت.

 ڕەنگە هەندێک لە فەلەستینییەکان غەززە بەجێبهێڵن و لە شوێنێکی دیکە ژیانیان بنیات بنێنەوە. تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ئەو کارەیان کردووە.

بەڵام هەندێکی تر ناتوانن یان ئامادە نین غەززە بەجێبهێڵن؛ یان لەبەر نەبوونی توانای دارایی یان بەهۆی وابەستەیی قووڵیان بە غەززە کە بەشێکە لەو خاکەی کە بە فەلەستین دەزانن.

وڵاتانی عەرەبی کە ترەمپ وتی پێویستە نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار پەنابەری غەززە وەربگرن - بەتایبەتی میسر و ئوردن - لە وەڵامی ئەو پێشنیازەدا توڕەیی خۆیان دەربڕیوە.

هەردوو وڵات، تەنانەت بەبێ ئەم قەیرانەش، خۆیان دووچاری چەندین کێشەی تایبەت بە خۆیانن.

زۆرێک لە خەڵکی غەززە نەوەی ئەو کەسانەن کە لە ساڵی ١٩٤٨ کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، لە ماڵەکانیان دوورخراونەتەوە یان ناچار بوون هەڵبێن؛  قۆناغێک کە فەلەستینییەکان بە سەردەمی "نەکبە" ناوی دەبەن.

بیرکردنەوە لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی لەو شێوەیە بۆ زۆرێکیان زۆر بە ئازار دەبێت و بە هەموو توانای خۆیانەوە بە ژیانی کورت و سنوورداریانەوە دانابڕێن لە غەززە.

بۆ ئەو فەلەستینیانەی کە خەون بە دەوڵەتێکی سەربەخۆوە دەبینن لە پاڵ ئیسرائیل، لەدەستدانی بەشێک لە خاکەکەیان وەک بڕینی ئەندامێک لە جەستەیەک وایە.

غەززە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە لە ڕووی جوگرافییەوە لە کەناری ڕۆژئاوا جیاکراوەتەوە. لە خولەکانی پێشووی دانوستانەکاندا، لەوانەش پلانی "دیدگای ئاشتی"ی ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٠دا، پێشنیارەکان بۆ دروستکردنی تونێل یان هێڵی ئاسن بۆ بەستنەوەی ئەو دوو هەرێمە خراوەتەڕوو.

بەڵام ئێستا ترەمپ بە کردەوە داوا لە فەلەستینییەکان دەکات بۆ هەمیشە دەستبەرداری غەززە بن.

دۆخی ئێستای غەززە چۆنە؟

غەززە بۆ ماوەی ١٩ ساڵ لەژێر داگیرکاری میسردا بوو تا ئەو کاتەی لە شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧دا لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکرا.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، غەززە لەژێر داگیرکاری ئیسرائیلدا ماوەتەوە، بەڵام ئیسرائیل ئەمە ڕەتدەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە داگیرکارییەکەی لە ساڵی ٢٠٠٥ بە هەڵوەشاندنەوەی یەکلایەنەی نیشتەجێبوونی جولەکەکان و کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی کۆتایی هاتووە.

نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان غەززە بە بەشێک لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین دەزانن، بەڵام ئەمریکا نایزانێت.

غەززە کە بە سیاجەکانی ئیسرائیل و گەمارۆی دەریایی لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە، هەرگیز هەستی بە خاکێکی سەربەخۆ نەکردووە.

هیچ شتێک و هیچ کەسێک ناتوانێت بچێتە ناو ئەم ناوچەیە و دەربچێت بەبێ مۆڵەتی ئیسرائیل.  فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی کە لە ساڵی ١٩٩٨ بە جەنجاڵییەکی زۆرەوە کرایەوە، دوای سێ ساڵ، لە کاتی دووەم ئینتیفازەی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە وێران کرا.

ئیسرائیل و میسر بە هۆکاری ئەمنی گەمارۆی کەرتی غەززەیان سەپاند، دوای ئەوەی حەماس لە ساڵی ٢٠٠٦ لە هەڵبژاردنەکانی فەلەستین سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دوای شەڕێکی قورس لە ساڵی دواتردا ڕکابەرەکانی لە ناوچەکە دەرکرد.

زۆر پێش شەڕی ئەم دواییە، فەلەستینییەکان غەززەیان وەک زیندانێک و ئاسمانێکی کراوە دەبینی.



ئایا ترەمپ دەتوانێت کۆنترۆڵی غەززە بکات؟

ئاشکرایە کە ئەمریکا هیچ مافێکی یاسایی نییە کە ببێتە خاوەنی ئەم خاکە و بە هیچ شێوەیەک ڕوون نییە کە ترەمپ چۆن بەنیازە سەروەری ئەمریکا بەسەریدا بسەپێنێت.

وەک لە بانگەشەیەکی پڕکێشانەی ترەمپدا دەردەکەوێت سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ئەمریکا بۆ سەر گرینلاند یان کەناڵی پەنەما، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لە ڕاستیدا جدییە لەم بابەتە یان ئایا ئەم قسانە تەنیا خاڵی دەستپێکن بۆ پرۆسەیەکی سەختی موزایەدەکردن لەسەر داهاتووی غەززە.

چەند پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دوای جەنگ خراوەتەڕوو.

مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، حەماس و فەتح، دوو گرووپی سەرەکی فەلەستینی، ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ سەرپەرشتیکردنی ئیدارەی غەززە، کە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

لە کاتی دیکەشدا گفتوگۆکان لەسەر دروستکردنی هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بووە، کە ئەگەری هەیە لە سەربازانی وڵاتانی عەرەبی پێکبێت.

مانگی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئیمارات، ئەمریکا و ئیسرائیل گفتوگۆیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی کاتی لە غەززە کردبوو، تا ئەوکاتەی دەسەڵاتی فەلەستین – کە لە ئێستادا بەشێک لە کەرتی ڕۆژئاوای کۆنتڕۆڵکردووە – ئامادە دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.

بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە دەسەڵاتی فەلەستین لە دوای جەنگ هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نابێت.

لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا بوونی سنوورداریان لە غەززە هەیە. کۆمپانیایەکی ئەمنیی ئەمریکی نزیکەی 100 هێزی تایبەتی پێشووی ئەمریکای بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی خۆیان لە خاڵێکی پشکنینی گەورە لە باشووری شاری غەززە جێگیر بکەن و ئۆتۆمبێلی ئەو فەلەستینییانەی کە دەگەڕێنەوە باکوور بۆ دۆزینەوەی چەک، پشکنین.

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی میسریش لە هەمان خاڵی پشکنیندا بینراون.

ڕەنگە ئەم کردەوانە یەکەم نیشانەی تاقیکاری بێت بۆ ئامادەبوونی نێودەوڵەتی فراوانتر لە غەززە کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.

بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەک لەلایەن ئەمریکاوە نایەت، ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی سەربازی بەرفراوان دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترەمپ چەندین جار بە دەنگدەرانی گوتووە کە دەیەوێت لەوە دوور بکەوێتەوە.

ئایا قسەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەبێت؟

قۆناغی دووەمی دانوستانەکانی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس تازە دەستی پێکردووە، بەڵام زەحمەتە بیخەینە بەرچاوت کە لێدوانە مشتومڕاوییەکانی ترەمپ یارمەتیدەر بێت بۆ پێشخستنی ئەم دانوستانانە.

ئەگەر حەماس هەست بەوە بکات کە دەرئەنجامی کۆتایی ئەم پرۆسەیە ئەوەبێت کە غەززە نەک هەر حەماس بەڵکو فەلەستینییەکیشی تێدا نامێنێت، لەوانەیە بگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئیتر بوار بۆ دانوستان نەماوە و ئەو بارمتانەی ماوەتەوە ئازاد نەکات کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بە دیل گرتبوو.

ڕەخنەگرانی نەتانیاهۆ تۆمەتباریان کردووە بەوەی کە بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی دانوستانەکان شکست بهێنن و شەڕ دەستپێبکەنەوە. بێ گومان ئەوان بەو ئەنجامە دەگەن کە ترەمپ بەم لێدوانانە بە ئەنقەست لەم ئاراستەیەدا لەگەڵیدا هاوپەیمانی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی ڕاستڕەوی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە پلانی ئەمریکا بۆ زاڵبوون بەسەر غەززەدا، ئەمەش مەترسی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی کابینەکەی کەمدەکاتەوە و لە کورتخایەندا ئایندەی سیاسی نەتانیاهۆ تاڕادەیەک سەقامگیر بکات.

لەم ڕوانگەیەوە، ترەمپ هاندەرێکی بەهێزی بە ناتانیاهۆ داوە بۆ درێژەدان بە ئاگربەست.

ترەمپ چی لەبارەی کەناری ڕۆژئاوای وتووە؟

پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا هاوڕایە لەگەڵ داننان بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو لەلایەن ئەمریکاوە؟ وەڵامی دایەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەسەر ئەو پرسە نەداوە، بەڵام ڕایگەیاندووە، لە چوار هەفتەی داهاتوودا بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە.

ئەم لێدوانانە نیگەرانی فەلەستینییەکانی دروستکردووە، چونکە بە دڵنیاییەوە لێدوانێکی لەو شێوەیە وەک گورزێکی دیکەی کوشندە لە چارەسەری دوو دەوڵەتی سەیر دەکرێت.

داننان بە شەرعیەتی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا هەنگاوێک دەبێت کە لێکەوتەی دوور مەودای دەبێت. زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم نیشتەجێبوونانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە نایاسایی دەزانن، بەڵام ئیسرائیل ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

لە خولەکانی پێشووی دانوستانەکانی ئاشتیدا، دانوستانکاران قبوڵیان کردبوو کە ئیسرائیل دەتوانێت بەشێکی زۆری نیشتەجێبوونەکانی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی بهێڵێتەوە؛ ڕەنگە لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی بچووکی خاکی ئیسرائیل.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ترەمپ بەنێوەندگیری واژۆکردنی "پەیماننامەی ئەبراهام" بوو، کە ئاساییبوونەوەی مێژوویی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەردوو وڵاتی عەرەبی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەینی مسۆگەر کرد.

ئیمارات ڕێککەوتنەکەی بەو مەرجە واژۆ کرد کە ئیسرائیل بەشێک لە کەرتی ڕۆژئاوا نەخاتە ژێر دەسەڵاتەوە - مەرجێک کە ڕەنگە ئێستا بکەوێتە مەترسییەوە.

 

بی بی سی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP