دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردانی کیلابی بۆ 'خێمەکە' مامۆستایانی مانگرتووی ڕووبەڕووی رەخنەی توند کردەوە

هەرێم نیوز

لەرۆژی ۱۱هەمیندا رۆژێکی ڕەشیان تۆمارکرد، کاتێک چەند پەرلەمانتارێکی کورد کیلابیان پێش خۆیان خست بۆئەوەی داواکاری مامۆستایان بەعێراق بگەیەنێت.
‎یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری حەشد لە پەرلەمانی عێراق، بەملپێچی بەرەی مقاومەوە لەپێش ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردەوە خۆیکرد بەژێر خێمەی مامۆستایانی مانگرتوودا، باوەشێکی گەرمی بەهەندێ لەمامۆستایانی هاوڕێیداکرد.

‎لەوبارەیەوە هەنا چۆمانی، رۆژنامەنوس دەنوسێت، کاندید و مانگرتووەکانی سەربە چەتە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، عەیبە لە میلیشیاکان موچە وەردەگرن و بەخۆشیان دەڵێن مانگرتووی بێ موچە.

‎هەروەها دەشڵێت، کارەساتە ئەوەندە جاشایەتیتان لێبچۆڕێت یوسف کیلابی دەستخۆشیتان لێبکات.

‎یوسف کیلابی لەکاتی پەسەندکردنی بودجەی ساڵەکانی ۲٠۲۳ و ۲٠۲٤ و ۲٠۲٥ لەناو پەرلەماندا وتی، گۆڵی ۱۳ و ۱٤مان لە پارتی و یەکێتی کرد، کەمەبەستی پشکی کەمی بودجەی هەرێم بوو.

‎لەلایەن خۆشیەوە د. دڵشاد نامیق، مامۆستای زانکو چاودێری سیاسی دەڵێت، حەسەن موئنیس و یوسف کیلابی ، هاتوون وتویانە بەردەوامبن هەتا ئەیڕوخێنن ئێمە لەگەڵتانین!

‎ڕەنگە وتبێتیان ئەوەی ئێمە پێمان نەکرا، ئەو خەونەی ئێمە کە لەگۆڕنرا و لوتمان شکا، تکایە ئێوە تەواوی بکەن!.
‎ نامیق ئەوەشی وتووە، تەبعەن ئەم خەونەی کیلابیەکان ودارودەستە وپەراوێز وخزم ودڵسۆزەکانیشیان هەر وەك ئەوانی تریان دەبێتە بڵقی سەرئاو.

‎لەساڵی ڕابردوشدا
‎کاتێک ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا کە ۷٠٠ ملیار دینار بۆ سێ مانگ وەک قەرز بدەنە هەرێم بۆ دابەشکردنی موچە، ئەوە یوسف کیلابی بوو
‎سکاڵای لەدژی قەرزپێدان بەهەرێم تۆمارکرد و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا وتی، قەرزەکە نایاساییە.

‎واتە یوسف کیلابی یەکێک بووە لەبەرهەڵستکارە توندەکانی پەرلەمانی عێراق لەدژی کورد و شایستە داراییەکانی و بەردەوام وەزارەتی دارایی دەخستەژێر هەڕەشەکانی بۆ ئەوەی لەگەڵ کورد نەگەنە ڕێککەوتن.

‎مەریوان قەرەنی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەوتارێکدا بەناونیشانی (كیلابی دەزانێ پرسەی كێ لە ژێر خێمەكەی سلێمانی بەڕێوە دەچێ!)
‎وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و رەخنەی توند لە سەردانەکەی کیلابی گرتووە و دەنوسێت،

‎ئەوەی بە لای ئێمەوە سەیرە، كیلابی نە نوێنەری خەڵكی كوردستانە، نە لەم چەند ساڵەی رابردوودا بۆ جارێكیش لە پەرلەمانی عێراقەوە قسەیەكی بە خێری بۆ خەڵكی كوردستان كردووە، نە تەنانەت قسەیەكی بەخێری بۆ ئەو (بەناو) مووچەخۆرانەش كردووە كە ماوە نا ماوە خۆیان زەلیلی بەر دەرگای شۆڤێنییەكان دەكەن! ئەی كەواتە كەسێكی ئاوا بچێت بۆ ژێر خێوەتەكەی سلێمانی یان نەچێت چ بەهایەكی هەیە و چ جیاوازییەك دروست دەكات؟ ئنجا بێزەحمەت با كەسێك پێمان بڵێت ئەم كیلابی و شتە چیان بۆ خەڵكەكەی خۆیان كردووە تا بێن خۆیان بەسەر خەڵكی ئێمەوە هەڵبكێشن؟ مەگەر حاڵی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆرجوانە تا ئەمان خۆیان لە خەڵكی كوردستان بكەن بە خەمخۆر؟

‎قەرەنی ئەوەشی وتووە، بەداخێكی زۆرەوە راستییەكی تاڵ لەم بابەتەدا هەیە، ئەم خێوەتەی لە سلێمانی هەڵدراوە، هێندەی گوزارشت لە پرسە و شینگێڕانی بەرەیەكی شكستخواردوو دەكات كە ئەو بەرەیە هەم لە عێراق و هەم لە وڵاتانی دەوروبەر ڕۆژیان ئاوا بووە (بۆ ئەمەش كیلابی و ئەوانەی بەدوای كەوتبوون باش دەزانن پرسەی كێیە)، نیو هێندە گوزارشت لە مانگرتنی ئەو چەند مامۆستا و فەرمانبەرانە ناكات كە لە سلێمانی بە (كاندیدی كەڕك) ناویان دەركردووە و هەموو خەڵك دەیانناسێ كە كەسانێكن پێشتر دەست و شانی ئەم و ئەویان ماچ كردووە و خۆیان كاندید كردووە كەچی كەمتر لە پەنجا دەنگیان هێناوە!

‎ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت، ئەسڵ ئەوەیە، ئەگەر یوسف كیلابی و ئەوانەشی خۆیان بە پشتیوانی مووچەخۆرانی كوردستان نیشان دەدەن، راستگۆن و بە كردەیی دڵسۆزی مووچەخۆرانی كوردستانن، با لەژێرەوە داوا لە بەغدا نەكەن مووچەی كوردستان ببڕێ و بڕ و بیانوو بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەدۆزنەوە تا ببێتە هۆی نانەوەی كێشە بۆ مووچەخۆران! ئەگەر فیعلەن دەیانەوێ كێشەی مووچە چارەسەر بێت، با پشتیوانیی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەم دواییە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراقدا كراوە، نەك خەریكی نمایش و موزایەدەكردن بن لەسەر خەڵک!.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP