دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئەمریکا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ پلانی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سوریا

هەرێم نیوز

دوو بەرپرسی بەرگری ئەمریکا دەڵێن، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، پنتاگۆن پلانی "بۆ کشانەوەی هەمیشەیی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا" دادەڕێژێت.

دوو بەرپرسی بەرگری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە بە "ئێن بی سی نیوز"یان ڕاگەیاند، ئەو پلانانەی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئامادە دەکرێن، لە دەوری کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ، ٦٠ ڕۆژ، یان ٩٠ ڕۆژدا دەسوڕێتەوە.

کەناڵی ئێن بی سی زیادی کرد: ئەو بڕیارە دوای ئەو زانیاریانە هات کە مایک واڵتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بارەگای فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە فلۆریدا بەدەستی هێنا.

لە بەرامبەردا وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، زۆر باش بووکە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەردانی بارەگای "سێنتکۆم"ی کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی ناوچەکە.

میدیاکانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار هەفتەی ڕابردوو بڵاویانکردەوە کە ئەمریکا هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە.

دەزگای کان، پەخشی گشتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بەئاگاداربوونەوەی لەم هەواڵە نیگەرانی بۆ دروست بووە.

پێشتر کاتێک پەیامنێران پرسیاریان لە دۆناڵد ترەمپ کرد سەبارەت سوریا، وتی، ئێمە دەستوەردان لە سوریا ناکەین. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیار لەسەر کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا دەدات.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە و لە سەردەمی ئیدارەی ئەوکاتی باراک ئۆبامادا، هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگیرکراون، دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و لاوازکردنی داعش، لە ڕۆژئاوای کوردستان مانەوە بۆ هاوکاریکردنی هاوپەیمانە کوردەکانیان، واتا هێزەکانی سوریای دیموکرات.

دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا فەرمانی کشانەوەی بەشێکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا دەرکرد، بەڵام دواتر دوابەدوای داوای سیاسەتمەدارانی ئەمریکا گۆڕانکاری لە بڕیارەکەیدا کرد. لەو کاتەدا ئیسرائیل نیگەران بوو لە ئامادەبوونی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا کە هاوپەیمانی حکومەتی ئەوکاتەی بەشار ئەسەد بوو.

جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەفتەکانی کۆتایی ئیدارەکەیدا دووپاتی کردەوە کە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا زیادکردووە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ 900 سەرباز کەمبووەتەوە.  پنتاگۆن ڕایگەیاندبوو کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2024دا ژمارەی ئەو سەربازانە نزیکەی دوو هەزار سەرباز دەبێت.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا ڕایگەیاند چاوەڕێ دەکات هەموو هێزە چەکدارەکان بە ئەوانەی ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێن، بخرێنە ناو سوپای نوێی سوریا.

یەکەم حکومەتی ڕۆژئاوا بانگهێشتی ئەحمەد شەرعی کرد

هاوکات فەرەنسا یەکەم حکومەتی ڕۆژئاوایە کە بانگهێشتی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ سەردانێکی فەرمی.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، بانگهێشتی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ ئەحمەد شەرع، شەوی چوارشەممە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان هەردوو سەرکردەدا باسکراوە.

نووسینگەی سەرۆکایەتی فەرەنسا ڕایگەیاند کە ماکرۆن جەختی لەسەر پێویستی بەدواداچوونی شەڕی دژ بە تیرۆر کردووەتەوە کە "لە بەرژەوەندی گەلی سوریادایە" و هەروەها هاوتەریب لەگەڵ "ئاسایشی گەلی فەرەنسا".

لەم وتووێژەدا کە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان هەردوو سەرکردە بوو، ئیمانوێل ماکرۆن داوای بەشداری تەواوی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"ی لە پرۆسەی گواستنەوەی سوریادا کرد.

تا ئێستا وادەی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ پاریس ئاشکرا نەکراوە.

شەرع ڕۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە لە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا چووە سعودیە و لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە وتووێژی کرد، پاشان گەشتی تورکیای کرد بۆ دیدار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لایەنگری سەرەکی دەستەی تەحریری شام بوو لە ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد.  ئەردۆغان سەردانەکەی ئەحمەد شەرعی بۆ ئەنقەرە بە هەنگاوێکی مێژوویی لە دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات ناوبرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP