دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

دانوستانە سەرکەوتووەکەى ناوەند و هەرێم، رەزامەندی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت

 ئەکرەم تاڵب وەشاح وەرگێڕانی : هەرێم نیوز

لە دیمەنێکى ساسی عێراقیدا کە خواستى یەکپارچەیی نیشتیمانە، جاروبار ستراتیژیەت و جیاوازیی دونیابینى لە نێوان هەرێم و حکومەتى ناوەند دا دروستدەبێت، پەرلەمان یاسای بودجەى پەسەندکرد، دانوستانێکى جدی و نەرم و لەسەرخۆی لە نێوان لایەنەکان هێنایە کایەوەکە بووە هۆی ئەوەى کێشەکان بە تەواوەتى تێیدا چارەسەر ببن، پەرلەمان هەندێک لە بڕگەو بابەتەکانى هەموارکردەوە بۆ ئەوەى بزانرێت کە رێککەوتن و دانوستانەکە جدییە و نەرمی سیاسى کلیلی چارەسەرە بەردەوامەکانە.

دەبێت ئەوەش بزانین ئەم هەنگاوە هەڵقوڵاوى ئەو چرکەساتە نەبووە کە بڕیارەکەى تێدا دراوە، بەڵکو ئەوە بەرهەمی ئەو رێککەوتن و دانوستانە وردانە بووە کە لە نێوان محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیران و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمى کوردستاندا کراوە. هەردووکیان کاری بەردەوامیان کردووە بۆ نزیککردنەوەى بۆچوونە جیاوازەکان بۆ ئەوەى لەمپەر و رێگرییەکانى بەردەم بەیەکگەشتنى هەولێر و بەغداد نەهێڵن. بەڕێز سودانى لەوکاتەوەى کە پۆستى سەرۆکوەزیرانیی وەرگرتووە کار لەسەر ئەوە دەکات کێشەکان لە گفتوگۆچارەسەربکات، هەوڵیداوە هاوسەنگی لە نێوان خواستى هێزە سیاسییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستاندا بپارێزێت، دەرکی بەوە کردووە دەبێت کێشە داراییەکانى هەرێمى کوردستان تێکەڵ بە سیاسەتى لایەنەکان نەکرێت و چارەسەریی کردەییان بۆ بدۆزرێتەوە و تەنها دروشمى سیاسیی نەبێت. هەربۆیە توانیویەتى لەکاتى بڕیارەکانیدا کۆدەنگییەک دروستبکات و لە لایەن نوێنەرانى ناوەند و هەرێمیشەوە پەسەندبێت و لێکهێگەیشتنى هاوبەشی لێبکەوێتەوە.

لە لایەکی خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش بەردەوام لە دانوستاندا بووە لە رێگەى کەناڵە فەرمیی و دبلۆماسییەکانى و سەرۆکایەتى و پەرلەمانەوە، ئەو بەردەوام پابەندی دانوستانەکان بووە، هەمیشە خواستى لەسەر دانوستان و گفتوگۆکردن بووە بە بێ گەیشتن بە ئاڵۆزیی یان بن بەستى سیاسى، پشتى بە واقیعیەت بەستووە و هەمیشە بە نەرمی بەرەو چارەسەری کێشەکان چووە، چارەسەرى بۆ دۆزیونەتەوە، ننەک هەر ئەوە بەڵکو لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنى ناوەندیشدا بەردەوان پشتیوان بووە.

تێپەڕاندنى هەمووارەکانى پەرلەمان لە یاساى بودجەدا شتێکى ئاسان نەبوو، رووبەڕووى ناکۆکی و ئاڵۆزیی سیاسی زۆر بوویەوە، بەتایبەتى لە دابەشکردنى داهاتى ناوخۆییدا، لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى کوردستان، داواکارییە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، هەربۆیە، لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکەى نێوان هەولێر و بەغداد رێککەوتنێکى واى هێناوەتە پێشەوە کە پەرلەمان بە ئاسانى پەسەندى بکات و تێی بپەڕێنێت، لەبەر ئەوەى هەردوو بەڕێزان سودانى و بارزانى بەلایەنەوە پەسەندەو ئەوەش بووەتە هەنگاوێکى ئەرێنى لە بەرژەوەندیی سەرانسەریی عێراقدایە نەک تەنها هەرێمى کوردستان.

هەموارکردنەوەى بڕگەو بابەتەکان تەنها رەهەندیی ئابوریی و داراییان نییە، بەڵکو پەیامێکى سیاسی گرنگە جەخت دەکاتەوە کە حکومەتەکەى سودانى دەتوانێت گرێ قورسەکان بە ئاسانى بکاتەوە و سەرکردایەتى هەرێمى کوردستانیش ئامادەیی ئەوەى تێدایە کە لەنێو چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا کارەکانى بکات ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینە لە بەغدادوە هەبێت.

سەرەڕای ئەوەى ئەم رێککەوتنە دەستکەوتێکى گەورەیە، بەڵام دەبێـت ئەوەشمان لەبەرچاودا بیت کە هێشتا بەربەست و ئاڵنگارییەکان لەئارادا ماوون، هێشتا کۆمەڵێک گرفت لەبەردەستدا ماون کە دەبێت چارەسەرى ریشەییان بۆ بدۆزرێتەوە لەوانەش:

• رێککارەکانى دابەشکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى لە نیوان بەغداد و هەولێر.

• مسۆگەریی مووچەى فەرمانبەرانى کوردستان بە بێ کێشە و رێگریی بیرۆکراتییانە.

• چارەسەری کێشە دەستوورییەکان سەبارەت بە دەسەڵاتە دارایی و ئیدارییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد. بەڕێز نێچیرڤان بارزانى لە زۆر بۆنەی جیاوازدا رایگەیاندووە ئەم هەموارکردنەوەیەش کۆتایی بابەتەکە نییە، بەڵکو یەکێکە لە خاڵەکانى سەر رێگا و دەستپێکی چارەسەرەکردنێکى فراوانترە، جەختیى کردووەتەوە کە بەردەوامی تێگەیشتن و گفتوگۆ دەبێتە زامنی کۆتاییهێنان بە کێشە هەمیشەییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد.

لە لای خۆشیەوە سودانى دەرکی ئەوەى بەباشى کردووە کە شەقامگیریی حکومەتەکەى پەوەستە بە دۆزینەوەى رێگەچارەی کێشەکان بەجۆرێک کە بەدڵی هەمووان بێت، هەر ئەوەش وایکرد کە مکوڕبێت لە سەر چەسپاندن و جێکردنەوەى ئەم بۆچوونە و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان چوون بەشێکى گەورەیە لە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری عێراق بەگشتى و رەهەندێکى دوورمەوداى هەیە و بابەتى ستراتیژیەتى نیشتمانى و زامنی یەکپارچەیی خاکی عێراقە. 

ئەوەى کە ڕوودەدات رێککەوتنێکى هونەرى پێشوەختەى نێوان پەرلەمان و حکومەت نییە بەتەنها، بەڵکو ئەزموونى دانوستاندنى سیاسی نێوان هەردوولایە، سودانى سەلماندوویەتى کە توانای ئیدارەدانى کێشە ئاڵۆزەکانى هەیە و ناهێڵێت ببێتە قەیران، بارزانیش ئەوەى سەلماندووە کە دەتوانێت دەستکەوتی زۆر باشی هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کێشە بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق و هاوسەنگی نیشتمانى دروستبکات، سەرۆکایەتى پەرلەمانیش سەرکەوتوو بووە لە کارکردنەکانیدا، لەبەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانى عێراقدا.

ئەم رێڕەوە ، سەرەڕای ئەوەى لەم قۆناغەدا سەرکەوتوو بووە، پێویستى بە ئیدارەدانێکی سیاسی و بەردەوام هەیە، بەڵام تا زمانى دانوستان و گفتوگۆ لە ئارادا بێت هەلى گەیشتن بە رێککەوتنى هەمیشەیی و سەقامگیریی عێراق مسۆگەرتر دەبێت و شەراکەت و هاوبەشى نێوان هەولێر و بەغداد دوورتر دەکەوێتەوە لەو ئاڵنگارییانەى پێشتر هەبوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP