هەرێم نیوز
پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانى سیادەى سوننەکان، هەڵوێستى خۆیان لەبارەى دەستپێشخەرییەکەى موقتەدا سەدر، ڕاگەیاند و جەخت دەکەنەوە لە پاڵپشتى هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەکەیان لە گەڵ سەدر.
پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانى سیادە، ئەمڕۆ هەینى، لە بەیاننامەیەکى هاوبەشدا کە دەست "هەرێم نیوز" کەوتووە ئاماژەیان بەوەکردووە، بەبێ هاوپەیمانى سێ قۆڵى حکومەتى نوێ لەدایک نابێت و ئەوان لەگەڵ رێککەوتنى ناو ماڵى شیعەدان بەجۆرێک کە کاندیدى رەوتى سەدر بۆ پێکهێنانى حکومەت رابسپێردرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕو، لەكاتێكدا كە هەڵوێستی موقتەدا سەدرو دەستپێشخەرییەكانی بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە كار بۆ چارەسەری دۆسییە ئاڵۆزەكان بكات، بەرزدەنرخێنین، جەختیش لە "پابەندبونمان بە هاوبەشیمان لەگەڵ كوتلەی سەدری دەكەینەوەو بەبێ شەراكەتی ئەوان ناتوانرێت حكومەتێكی بەهێز لە دایك ببێت."
ئاماژەشیان بەوەکردووە، "ئێمە لە هاوپەیمانی سیادەو پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕونی رایدەگەیەنین كە پابەندین بە هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمان بەوپێیەی هیوایەكە كە عێراقییەكان چاوەڕێی دەكەن."
پارتی و هاوپەیمانی سیادە جەختیان لە پەرۆشییان، بۆ "لێكتێگەیشتنی نێو ماڵی شیعەكان و رێككەوتنیان لەسەر ناونانی كاندیدێك لە كوتلەی سەدری بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردۆتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، کە شەوی رابردو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا رایگەیاند، نزیكەی 40 رۆژ دەرفەت بە لایەنەكانی "سێیەكی پەكخەر" دەدات، كە چوارچێوەی هەهامەنگی زۆرینەی ئەو لایەنانە پێكدێنێت، دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بە بێ كوتلەی سەدر.