د.سالار تاوگۆزی
لەم ڕۆژانەدا، هونەرمەندی مەزن (ناسری ڕەزازی) بوێرانە فەرمووی: من موسوڵمان نیم و یارسانم.
ڕەزازی، ویستی ئەو بوێرییە بگوازێتەوە بۆ پەیڕەوانی یارسان و هانیان بدات کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بیروباوەڕی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا بکەن.
قسەکانی ڕەزازی، لەدوای ئەوە دێن کە چەندین ساڵە یارسانەکان -کە دانیشتووی ڕەسەنی کورستانن و خەڵکانێکی بێوەی و ڕۆشنبیر و بەڕێزن- بیروباوەڕی خۆیان شاردووەتەوە. لەبەرانبەردا هەندێکیان خۆیان بە موسوڵمان دەزانن و ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام محمد (د.خ) و وتەی ئیمامە موسوڵمانەکان، بەتایبەتی (ئیمامی عەلی) وێردی سەرزاریانه.
وەلێ ناسری ڕەزازی دەیەوێت ئەو ماسکە لابەرێت و گوزارشت لەبیرو باوەڕی ڕاستەقینەی خۆی بکات کە ئەوە مافێکی سروشتی خۆیەتی، کەچی هەر کە ئەم حەقیقەتەی درکاند، کەوتە بەر لێشاوی تانەو تیرو توانجی خۆ بەموسوڵمان زانان و نەخوێندەواران و جنێوبازەکانی هەندێک لە کادیر و هەوادارانی ئیسلامی سیاسی، بەبێ ئەوەی ئەو جنێوبازانە لایەک بەلای ئەو ئایەتی ژمارە (6)ی سورەتی (الکافرون) بکەنەوە کە دەفەرموێت:
"لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِىَ دِينِ".
واتە: ئایینی خۆتان بۆ خۆتان و ئایینی خۆم بۆ خۆم.
ئەم ئایەتە تا ئەو کاتەی ئیسلامی سیاسی -کە زادەی بیری سەلەفیزم و ئیخوانیزمە- دینداری لە موسوڵمانی کورد نەشێواندبوو، هەوێنی پێکەوە ژیان بوو.
ئاخر تا پێش هاتنی ئیبلیسەکانی بیری توندڕەوی ئیسلامی سیاسی جیهادی، تەسەوف ڕابەری موسوڵمانانی کوردستان بوو. هەر ئەو تەسەوفەش بوو کە حەزرەتی (مەولەوی تاوگۆزی) پێگەیاندو هانیدا تابچێتە سەر مەزاری پیرۆزی کەسایەتی ئایینی یارسان (باوەیادگار) و یەکێک لە جوانترین شیعرەکانی بهۆنێتەوە کە دەفەرمووێت:
سەرشاری سەهبای بەزمی موناجات
مەلجەی ئیلتیجای ئەربابی حاجات
جای ڕجای جەرگەی پادشا و دەروێش
بارەگا و پەنا، پەی بێگانە و خوێش
ئاهووی خوتەنی فەیزی ئیلاهی
نافەی ناف ڕاهی جە مەه تا ماهی
شکۆفەی وەشبۆی ڕەیحانەی ڕەسوول
نەوباوەی نەمام طَیّبەی بەتوول
سەروی سایەدار نیشاندەی وەلی
یەعنی یادگار مورتەزا عەلی
وە ڕەوزەتانا هەر نوور واران بۆ
تا دەفعی زوڵمەت دیدەی یاران بۆ
هەوای سایەتان هەر مەمدوود مانۆ
سەبوون بوردەی جورم نەک زەرەر سانۆ
ناپوختەکاری و شەرمەساریی من
خەجڵەتی غەفڵەت گوناهکاریی من
کەفتەن وە هەمدا یەند زۆر ئاوەردەن
ڕووی ڕجام وە پای بارەگات کەردەن
تۆ چون جە ئەولاد ئەمجادی مەولای
پەی ڕجا وە جا، پەی هیممەت ئەولای
زاری و زگاری و زوێری کەردم
وە بارگەی پاکت پەنا ئاوەردم
ئامام سەر نیام وە بارەگاوە
غەریو، موو سفید، وە ڕووی سیاوە
تەن مەعسیەتبار، دەروون پڕ جە دەرد
دیدە تەڕ، لەب خوشک، دڵ گەرم، نەفەس سەرد
های چەند پلەی سەخت هانە ڕێمەدا
جە ڕووی ئیلتیفات بدیە پێمەدا
بەڵکم جە ڕووی ئەو ئیلتیفاتەوە
مەولام حازر بۆ وە نەجاتەوە
دەسی شای مەردان مەدەدکارم بۆ
پلە ئەو پلە ئەو دەسوارم بۆ
مەعسیەت نییەن چون هیچ سەدمەتێ
خەیلێ مەلوولم، یا پیر هیممەتێ
هیممەتت باعیس ڕستگاری بۆ
یار بۆ، دیار بۆ، یادگاری بۆ
ئەو خۆشەویتسییەی کە تەسەوف لەنێوان موسوڵمانان و یارسانەکان لەکوردستاندا دروستیکرد، نەک بوو بەهەوێنی یەکێک جوانترین هۆنراوەکانی مەولەوی، بەڵکو مەولەویشی لای کاکەییەکان یان یارسانەکان خۆشەویست کرد، بەشێوەیەک لە گۆرانی و سرودە ئاینییەکانیاندا هەمیشە هۆنراوەکانی ئەو شاعیرە پایە بڵندە لەسەر زاریانە. تەنانەت کاکەییەکان مەولەوی بەهی خۆیان دەزانن و بەپیرۆز سەیری دەکەن.
ئەمە جگە لەوەی تەسەوف وەهای کرد کە لەنێوان کاکەیی و موسوڵمانەکاندا ژن و ژنخوازی هەبێت. هەرکاتێک لەنێوان هەردوولادا کێشەیەک هەبووبێت، یەکڕاست ڕابەرانی تەسەوف چارەسەریان کردووە، بۆ نموونە: بیستوومە کاتی خۆی هەندێک لەخەڵکی هەڵەبجەو هەورامان نانی دەستی کاکەییەکانیان نەدەخوارد و بەپیسیان دەزانین، بۆیە ئێوارەیەک حەزرەتی (شێخ حوسامەددین نەقشبەندی) کابرایەکی کاکەیی دەبینێت چەند (کەو)ێکی ڕاو کردووە، بانگی دەکات و لەگەڵیدا کەوەکان دەبرژێنێت و پێکەوە دەیخۆن. هەڵوێستەکەی شێخ بوو بەهۆی گۆڕینی تێڕاونینی خەڵکەکە بۆ کاکەییەکان و ئیدی نانی دەستیان دەخواردن.
ئەمما کاتێک ئیسلامی سیاسی -هەڵگری ڤایرۆسی بیری توندڕەوی سەلەفی جیهادی- ڕووی لە دەڤەرەکە کرد، ئەم تێڕوانینە ناشیرینە بۆ کاکەییەکان زیندوو بوویەوە، هێشتا کە سانێک هەن نانی دەستی کاکەییەکان و ژن و ژنخوازی لەگەڵیاندا بە حەرام دەزانن.
هەر لەدوای سەرهەڵدانی سەلەفی جیهادییەوە لە کوردستان و نزیکبوونەوەی داعش لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی (کوردپا) رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان سێ کەسی خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو لە ئوستانی کرماشان، هەوڵی تەقاندنەوەی مەزارگەی باوە یادگاریان دا.
مەزارگەی باوە یادگار، دەکەوێتە گوندی (بان زەردە) و لە داوێنی چیای (داڵاهۆ)ی کرماشان هەڵکەوتووە.
هەروەها مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، مەقامی باوە یادگار لە گوندی (تولەبەند)ی ناوچەی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقیندرایەوە.
باوە یادگار ساڵی ١٣٦٠ زایینی لەدایک بووەو و بە یەکێک لە کەسایەتییە گورەکانی ئایینی یارسان یەژمار دەکرێت.
یارسان، ئەھلی حەق یان کاکەیی دینێکی تایبەتن کە ھەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جیاوازن، بەهۆی تایبەتمەندی ئایینەکەیان و لەترسی دەوروبەریان، ساڵانێکە بۆنە ئاینییەکانی خۆیان بەنهێنی ئەنجامدەدەن. لەلایەن خەڵکانی ڕەشۆکییەوە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە (قەڵخانی) ناو دەبرێن و بەوە دەناسرێنەوە کە سمێڵیان درێژە. لە گەلێک شوێنی دیکەی کوردستاندا بڵاون، بە تایبەت لە کرماشان و گەرمیان و گوندی (ھاوار) لەدەڤەری ھەڵەبجە.
هەروەها کاکەییەکانی دانیشتووی کەرکووک و لێواری زێی نێوان ھەولێر-مووسڵ و شەبەک ئەمانە ھەموو بە بنەچەکی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئاینی دەگەنەوە یەکتر.
شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی ئەھلی حەق (یارسان) لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە. بەڵام ئەوەی کە ھەمووان لە سەری پیداگری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووتەوە و گەشەی کردووە، جا دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران.
بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی «یارسولتان» ە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە (بە فارسی: سلطان اسحاق)، ھەرچەند بوونی ئاینی یارسان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میترایییەکان (٤٠٠٠–٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر) بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئاینەکە دادەنرێت. کە ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. یاخود (یارستان) بە واتای شوێنی یار یا موردانی ئەھلی حەق. کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانییە (٩٣٧ – ١٠١٠)ز کەوا لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نوسراەوەکانی لە سەرەنجام کە بەدی دەکرێت کە نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانە.
سەرچاوەو ژێدەرەکان:
- دیوانی مەولەوی، کۆکردنەوەو لێکدانەوەو لەسەر نووسینی: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، انتشارات کردستان، سنندج 1378.
- ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان (کوردپا)
https://kurdpa.net/so/news
- مێژوو بیروباوەڕی کاکەیی، گۆران حەکیم، مێژووی کورد:
http://www.historyofkurd.com
-یارسان، ویکیپیدیا:
https://ckb.m.wikip