خەلیل عەبدوڵا
خانەخوێكەی دڵ
چ ماڵوێرانە، چ سەرگەردانە
ئەو خاوەن قسەو
خاوەن بڕیارو ئەو پاسەوانە
(د.مارف گوڵ)
د.مارف عومەر گوڵ، كەسایەتیی ناوداری كوردستان، لە بوارەكانی یاساو ئەدەبدا خزمەتێكی زۆری بەگەلی كوردستان كردووە، وەك پرۆفیسۆری یاسای گشتیی نێودەوڵەتیو شاسواری شیعری نوێ، شوێن پەنجەی رەنگینی دیارەو بەرهەمەكانی بەشانازییەوە لەلاپەڕە زێڕینەكانی مێژووی كوردو كوردستاندا تۆمار دەكرێن.
د.مارف، ساڵی 1956 لەگوندی هەشەزینیی ناوچەی سەنگاو لەبنەماڵەیەكی ئاینیی زانستپەروەر لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی لەكەركوكو بەغدا تەواو كردووە.
ساڵی 1982 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی یاسای لەكۆلیجی یاسای زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
د.مارف، لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوەو نووسین بوو، بەهۆنینەوەی شیعر دەستی پێكردو تا دوارۆژەكانی تەمەنی بەهاوڕێو ئاشنای دڵسۆزی شیعر مایەوەو هەموو شیعرەكانی پێكەوە لەدووتوێی پێنج دیواندا چاپو بڵاو كردەوە.شیعرەكانی هێندە جوانو ناسك بوون، لەلایەن هونەرمەندانی ناوداری وەك ( عەدنان كەریم، تاهیری خەلیلی وپەیمان عومەر)و چەندانی تر كراون بەگۆرانی.
د.مارف پیاوێكی كوردپەروەر بووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلولو شۆڕشی نوێی كوردستانی كردووەو بەچەك و بەقەڵەم خزمەتی كردووە.
د. مارف، خولیای ئەوەی بووە لەدەرەوەی وڵات خوێندنی باڵا تەواو بكات، هەر بۆیەش لەسەر ئەركی شۆڕش بۆ خوێندن چووە دەرەوەی وڵاتو لەشاری كییڤی پایتەختی ئۆكرانیا گیرسایەوە،لەو وڵاتە بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای بەدەستهێنا.
د.مارف، هێندە لەخەمی گەلو نیشتمانەكەیدا بووەو لەگەڵ خەمو ئازارەكانیدا ژیاوە، لەبەر رۆشنایی یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا،پرسی جینۆسایدی شیكردۆتەوەو كردۆتی بە بابەتی توێژینەوەی ماستەرو دكتۆراكەیو دواتریش لەبەر روناكی یاسای گشتیی نێودەوڵەتیدا، ئەنفالو كیمیابارانو جینۆسایدی گەلی كوردستانی، وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی شرۆڤە كردووەو یەكەم كەسی ئەكادیمی كورد بووە لە كتێبو وتارو نووسینەكانیدا بایەخی بەو بابەتە هەستیارە داوە.
د.مارف، ساڵی 1998 بەیەكجاری گەڕایەوە كوردستانو خۆی بۆ نووسینو خزمەتی زانكۆ تەرخانكرد. سەرەتا وەك مامۆستای یاسا لەكۆلیجی یاسای زانكۆی سلێمانی خزمەتی كردو دواتر بەهۆی توانای زانستیی یاسایی ئەركی راگری كۆلیجی یاسای هەمان زانكۆی پێسپێردرا.
چەند ساڵێكیش وەك راگری كۆلیجی یاسای زانكۆی كۆیە خزمەتی كرد. دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق، بەرپرسی دۆسیەی بەزركردنەوەی پلەی زانستیی زانكۆی كەركوك بووە. دوا كاری سەرۆكی زانكۆی گۆیژە بووە لەسلێمانی.
د.مارف، وەك پرۆفیسۆرو شارەزای بواری یاسا خزمەتێكی زۆری بەبواری یاسا كردووە، دەیان خوێندكار لەزانكۆكانی كوردستانو عیراق، لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرایان بەدەستهێناوە.
نووسینو كتێبە یاساییەكانی سەرچاوەی بەسوودو بەنرخ بۆ توێژەرانو خوێندكاران.
بێ لەبواری یاسا، لەبواری ئەدەبیشدا شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە، شیعرەكانی كە لەدوو توێی پێنج دیواندا چاپو بڵاو كراونەتەوە، تواناو سەلیقەو كارامەیی شاعیری ئەو نیشان دەدەن.
پاش خزمەتێكی زۆر بەكایەكانی خەباتی نیشتمانیو یاساو ئەدەب، رۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2022 بەجەڵتەی مێشك لە سلێمانی كۆچی دوایی كردو لە زێدی خۆی لە گوندی هەشەزینیی ناوچەی سەنگاو بەخاكی نیشتمان سپێردراو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
گوڵستانی رۆح تەزرە دایكوتا
پوشوپەڵاشە سەوزەڵانی ژین
ئەستێرەم دەدواند بەنیوەشەوێ
من نەگریامو ئەو كەوتە گرین
د.مارف گوڵ