هەرێم نیوز
بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاندووە، ئەگەر بەڕێوەبردنی باکوور و ڕۆژئاوای سوریا لەدەستی هەسەدە بمێنێتەوە، ئەوکات ئامادەن لە سوریا بکشێنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی سیاسی پەکەکە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند: "هەر دەستپێشخەرییەک کە ببێتە هۆی بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەلایەن هەسەدەوە، ئەوکاتە ڕازی دەبین لەسەر جێهێشتنی ئەم ناوچەیە."
لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا ئاماژە بە ناسنامەی ئەم بەرپرسە نەکراوە.
لەدوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا پێکدادانەکانی نێوان گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن لە ڕۆژاوای کوردستان توندتر بووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"، لە نەتەوە جۆراوجۆرەکان پێکهاتووە، لەوانە کورد، عەرەب، ئاشووری، تورکمان، بەڵام سەرکردایەتی سەربازییەکەی لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەوە بەڕێوەدەبرێت.
تورکیا ئەندامانی کوردی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەر بە پەکەکە دەزانێت و پێداگری لەسەر کشانەوەی ئەوان لە سوریا دەکات.
ئەو بەرپرسەی پەکەکە لە درێژەی لێدوانەکەیدا هۆشداری دا لەوەی ئەگەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکشێتەوە، ئەوا گروپەکە لە دوورەوە چاودێری ڕەوشی ناوچەکە بەردەوام دەبێت و ئەگەر پێویست بکات ڕێوشوێن بەرامبەر هێزەکانی تورکیا یان چالاکییەکانی سەر خاکی سوریا دەگرنەبەر.
ئەو بەرپرسە باس لە سەرەتای دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ دەکات لە ئەمریکا و دەڵێت "داهاتووی سوریا لە دوای 20ی ئەم مانگەوە دیاری دەکرێت، کاتێک ترەمپ دەسەڵات دەگرێتە دەست".
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆژی 10ی مانگی یەک ڕایگەیاند، ئەمریکا و فەرەنسا بیر لە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سوریا دەکەنەوە.
داواشی لە فەرەنسا کرد هێزەکانی خۆی بنێرێتە ناوچەکە "بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا".
ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان وایە کە هەسەدە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لەوان داعش لەو وڵاتە.
پێشتر مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنێکی تۆکمەی ئاگربەست لەگەڵ تورکیا بکرێت، ئەوا هێزە کوردییەکانی غەیرە سوریی "مەبەست لێی پەکەکەیە"کە ئەندامی ئەم گروپە سەربازییەن لە سوریا دەکشێنەوە.
لەم ماوەیەدا تاوەکو نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا، هەوڵ دەدرێت کورد لە سوریا بەیەکڕیزی و یەک دەنگ بەبەهێزی بچێتە دیمەشق و مافەکانی بەدەستبهێنێت.
لە دواین هەوڵدا مەزڵوم عەبدی هاتە هەولێر و لە دیدارێکی گرنگدا لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوە، ئەمەش هیوای زیاتری بۆ یەکگرتوویی کورد دروست کرد و بارزانی داوای یەکڕیزی لە کوردانی ڕۆژئاوا کرد.