هەرێم نیوز
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بارزانی و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین، بارزانی پێشوازی لە مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە: لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
ئاماژەی بەوەش کردووە:"هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە."