هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە باڵی ناڕازی رەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، نیگەرانییەکانمان لە عەلی حەمەساڵح، زۆرە و سێ مەرجمان بۆی هەیە، ئەگەر جێبەجێی نەکات هەموو ئەگەرێک کراوەیە بۆمان.
سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لەورد و درشتی رەوتی هەڵوێست بەهەرێم نیوزی ڕاگەیاند، نیگەرانیمان لە عەلی حەمەساڵح هێندە زۆرە لەژمارە نایەت، بەڵام وەک ڕێگای ئوسوڵی و ڕێکاری حزبی سێ مەرجی سەرەکیمان هەیە بۆ عەلی حەمەساڵح، ئەگەر جێبەجێی بکات ئەوە دەتوانین وەک سەرەتایەکی نیەت باشی لەگەڵیدا کاربکەین و خۆ ئەگەر مەرجەکان قبوڵ نەکات، ئەوە دەکشێینەوە و ئەوەی لەژێربەڕەیە دەیهێنینە سەربەڕە.
سەرچاوەکەی هەرێم نیوز سێ مەرجەکەی بەم شێوە باسکرد، کە پێکهاتوون لەمانە:_
یەکەم/ کشانەوەی عەلی حەمە ساڵح لە پەرلەمان و وەک سەرۆکی ڕەوت بمێنێتەوەو گرنگی بە بەڕێوەبردنی ڕەوتەکە بدات وەک پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە.
دووەم/ بەستنی کۆنگرە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا.
سێیەم/ ئاشکراکردنی دارایی ڕەوتەکە لە دروستبوونی تا ئێستا و سەلماندنی شەفافیەت.
ئەو سەرچاوە ئەوەشی وت، ئەم مەرجانەی ئێمە لەمحەکدانی عەلی و هاوڕێکانیەتی و تاقیکردنەوەیەکی سەرەتاییە بۆ ئەوان ئەگەرچی مەرجەکانیش قورس بن، چونکە ناکرێت لەم سەردەمەدا لەگەڵ کەسانێک کاربکەیت، کە شەفاف و ڕاستگۆنەبن و لەهەمووان زیاتر ئیدیعای ڕاستگۆیی و خزمەتی خەڵک بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی هەرێم نیوز، ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم باڵە ناڕازییە دەکات هێرش عەبدولڕەحمانە، کەلە ئەمریکا دەژی و لەماوەی پێشوشدا هەر ئەو عەلی حەمەساڵحی بردە هەندێ لەناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا و دیارترین فیگەرەکانیش کەلەگەڵ هێرشدان، پێکهاتوون لە د.ساری ئەبوبەکر و د.سارا موحسین کەپەرلەمانتارە و لەشکر حەمید و هۆشەنگ مام ساڵح و ئاواز ساڵح و هتد.