هەرێم نیوز
شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەکات لە سویسرا، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت، "نزیکەی 20 وەبەرهێنەر و بازرگانی گەورە یاوەری شاندەکە دەکەن".
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاریی لە پێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 - 24 /1 بەڕێوەدەچێت.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نزیکەی 20 وەبەرهێن و بازرگانی گەورەی کوردستان پێکدێت.
لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت ، زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات ، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا.
هەروەها ئەمساڵ (ماڵی کوردستان Kurdistan House ) لە داڤۆس ، کە ساڵی ڕابردوو لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت کرایەوە، چەندین چالاکی بە بەشداری ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێکدەخات بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلوماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان وگەشەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە و بەشێکی زۆر لە سەرۆک، بەرپرسانی، وڵاتانی جیهان، گەورە بازرگان و وەبەرهێنەران تێیدا بەشداردەبن، هەرێمی کوردستانیش چەند ساڵێکە هاوشێوەی وڵاتانی جیهان لە کۆڕبەندەکەدا بەشداری کارای هەیە و ماڵی کوردستانیش لەماوەی ڕۆژانی کۆڕبەندەکەدا لە داڤۆس دەکرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 15 ساڵە هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا بەشدارە و دوو ساڵیشە ماڵی کوردستان لە داڤۆس کراوەتەوە.