هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە 8ی ئەم مانگەوە خەڵکی مەدەنی وەكو قەڵغانی مرۆیی ڕویان لە بەنداوی تشرین كردوە بۆ ئەوەی بەنداوەكە بپارێزن لە هێرشەكان، بەڵام هێشتاش هێرشەكان بەردەوامە و دەیان كەس کوژراون، بۆیە داوا دەکات هێزێکی نێودەوڵەتی بچێتە بەنداوەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویكردەوە، "دوای روخانی رژێمی بەعس لە سوریا، قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد، قۆناخێک کە ئەنجامی 14 ساڵ خۆڕاگریی گەلی سوریایە. لە ماوەی ئەم 14 ساڵەدا، گەلانی سوریا توشی زۆر ناخۆشی و ئازار بون، لە کۆچی زۆرەملێوە بگرە تاوەکو وێرانبونی ئابوری و لە کۆتاییشدا داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا".
لە راگەیێندراوەکەی رێبەبەریی خۆسەردا هاتووە "بە رووخانی رژێمی بەعس، گەلی سووریا لەبەردەم وەرچەرخانێکدایە کە چەندین رێگای جیاواز لەبەردەمیاندایە. لەم قۆناخەدا، گەلانی سووریا دەتوانن پێکەوە سووریایەکی نوێ و دیموکراتی بنیات بنێن."
ئاماژە بەوە دەکات، هێزە سیاسییەکان، پارت، رێکخراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنی ناوخۆییەوە دەستوورێکی شایستە دابڕێژن، کە رەنگدانەوەی فرەیی سووریا بێت، بەڵام، بەردەوامبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و میلیشیاکانی سەر بەو، قەیرانی سووریا قووڵتر دەکەنەوە. رێگری لەوە دەکەن گەلی سووریا لە ئاشتیدا بژی و سووریا لە کەشێکی ئازاددا دەستوور و داهاتووی خۆی دیاری بکات. ئەم هێرشانە کۆمەڵگەی سووریا زیاتر پارچە دەکەن کە پێشتر وێران کراوە."
وەک ئەنجوومەنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، "هێرشەکانی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی شەڕکەر کە ئامانجیان بەنداوی تشرینە، شەرمەزار دەکەین." ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەروەها دەڵێ "بۆ پاراستنی بەنداوەکە، ئێمە وەک گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە 8ی مانگی یەکەوە سڤیل دەنێرینە بەنداوەکە و وەک قەڵخانێکی زیندوو بە یەکدەستی بەنداوەکە دەپارێزین، بەڵام هێشتا تورکیا رانەوەستاوە. هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییان و دەیان هاووڵاتی شەهید بوون و ئەم هێرشانە بەردەوامن."
رێڤەبەری خۆسەر داوا لە گەلانی سووریا لە کورد، عەرەب، سریان، چەرکەس، عەلەوی، دروزی، موسڵمان و ئێزیدی دەکات دژی ئەم هێرشانەی سەر بەنداوی تشرین بوەستن، "بێنە سەر شەقامەکان و دەنگی خۆیان بگەیێننە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە وێرانکردنی بەنداوەکە، کارەساتێکی مرۆیی بەدواوە دێت."
بانگەوازیش لە بزووتنەوە ژینگەییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە مەترسی لەسەر بەنداوەکە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و چەندین کارەساتی بەدواوە دێت. ئەم هێرشانە نەوەک تەنیا زیان بە سرووشتی ناوچەکە دەگەیێنن، بەڵکو گەلەکەی بەرەو کۆمەڵکوژی دەبەن. رۆژانە شەهیدبوون و وێرانکردنی ژینگە روودەدات. باڵندە و ئاژەڵەکان هێلانەکانیان جێهێشتووە.
مەترسییەکان ئەمانەن:
1- سەدان گوند و سەدان هەزار دانیشتوان لە دەوروبەری بەنداوەکەدا دەژین. وێرانکردنی بەنداوەکە دەبێتە هۆی خنکاندن و وێرانکردنی ژمارەیەک گوند.
2- کارەساتێکی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، هێلانە و شوێنی هەزاران جۆری گیانەوەر وێران دەکات و سیستمی ژینگەیی ناوچەکە تێکدەدات. لە ئەنجامی وێرانکردنی بەنداوەکەدا روەک و ملیۆنان زیندەوەر لەنێودەچن.
3- بەنداوەکە کارەبا بە سەدان هەزار گوند و شارۆچکە دەدات. وێرانکردنی سوریا دەخاتە بارودۆخێکی سەخت و سەردەمێکی تاریکەوە.
4- بەنداوەکە هەروەها پردێکە کە هاتوچۆی دانیشتوانی ناوچەکە ئاسان دەکات. بۆیە ئەم هێرشکردنە دۆخی ژیان سەخت دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتوە لەبەر ئەو هۆکارانە "داواکارییەکانی ئێمە لە گەلانی سوریا و هێزە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکان کە بانگەوازمان کردن ئەمانەن؛ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی راوەستێنن و هێزێکی نێودەوڵەتی بێتە نێو بەنداوەکە".