هەرێم نیوز
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شیعەکان رێگر بوون لە پەسندنەکردنی ھەمواری ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، بڕیار بوو ھەمواری ماددەی ١٢ی تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە پەسند بکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە، بەڵام ھەندێک لایەنی شیعی لە پەرلەمان ڕێگر بوون و نەتواندرا پەسند بکرێت، چونکە ئەوانیش داواکارییەکیان ھەبوو و پێویستە لەگەڵ ھەمواری ماددەی ١٢ لە یاسای بودجە ماددەی ١٤ش ھەموار بکرێتەوە، کە ئەو ماددەیە باسی شایستەی پارێزگاکانی عێراق دەکات، کە خاوەن نەوتن، ئەوەش پەیوەندی بەو ماددەیەوە نەبوو و بڕیار بوو پەسند بکرێت.
ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ماددەیەی ھەندێک لە شیعەکان باسی لێوە دەکەن، پەیوەندی بە ماددەی ١٢ی تایبەت بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان نییە و ئەوە خۆی پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە ھەیە و ئەوان ئامادە نین جێبەجێی بکەن، چونکە ھەمواری ماددەی ١٢ی تایبەت بە نەوتی ھەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە.
وتیشی، گرنگە ئەو مادەیە ھەموار بکرێتەوە و پەسند بکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە، کە ئەوەش لە قازانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە، بۆیە لە ھەوڵەکان بەردەوام دەبین تاوەکو پەسند بکرێت و دووبارە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە.