هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاشکرای کرد، دیدارەکەی لەگەڵ بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بووە، دەشڵێت" بارزانی بەڵێنیدا لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت".
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە وتی" دیدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بوو، داوام لە بارزانی کرد نێوەندگیریی بۆ وەستانی هێرشەکانی تورکیا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەردانەم بۆ لای بارزانی پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی سووریا و زامنکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا هەیە".
دەشڵێت"هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەمان هەیە، بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت، لە کۆبوونەوەکەمان باسمان لە گرنگیی یەکدەنگیی کورد کرد بۆ ئەوەی بە یەک شاند بچینە دیمەشق".
عەبدی ڕایگەیاند، کە داوای لە بارزانی کردووە کێشەی ڕۆژئاوا لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات و دەڵێت"هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ تورکیادا هەیە و بارزانی بەڵێنیدا لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت".
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەوەشی وت "تورکیا دەیەوێ کۆبانی داگیر بکات بەمەبەستی بەیەک گەیاندنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەباکوری سوریا".
مەزڵوم عەبدی رونیشیکردەوە "تەنانەت نێوەندگیریی ئەمریكاش لەماوەكانی ئەم دواییەدا، ئەو ئەنجامەی نەبوو كە ئێمە دەمانویست. ئەمە بابەتێكی زۆر قورسە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوام دەبن لەگەڵ توركیا".
هەروەک فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت "ئەمریكییەكان دەتوانن كۆتایی بە هێرشەكانی توركیا بهێنن ئەگەر بیانەوێت. دەشڵێت "لە ئێستادا ئەمریكییەكان نێوەندگیری دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەستێكی هەمیشەیی لەگەڵ توركیا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا".عەبدی جەختیشیكردەوە، توركیا پلانێكی روونی هەیە و دەیەوێت هەژمون و كۆنترۆڵی سوریا بكات. بەڵام ئێمە دەمانەوێت كێشەكانمان لەگەڵ توركیا لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەین".