دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەشواق جاف: پارتی پاشکۆیەتی ناوێت بەڵکو مەبەستێتی پرۆژەی چاکسازی لە کابینەی دەیەم بەردەوامی پێبدات

هەرێم نیوز 

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت پارتی پاشکۆیەتی ناوێت بەڵکو مەبەستێتی ئەو پرۆژە چاکسازیەی کە سەرۆکی حکومەت هەیبووە، لەکابینەی دەیەمی حکومەتدا درێژەی پێبدات و دەشڵێت،" پێویستە هەموو حزبە سیاسیەکان ئەوانەی دەچنە حکومەتەوە یان دەبنە ئۆپۆسیۆن پاڵپشتی پرۆژەکە بکەن تا کوردستان بەهێزتر بێت و گرفتەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ببن." 

د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،" گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و پارتی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئەم کابینەیە فرە ڕەنگی تێدا بێت و هەمووان تێدا بەشداربن، بەڵام ڕێز لە ڕایی ئەو لایەنانەش دەگرێت کە نایانەوێت بێنە ناو حکومەت و دەبن بە ئۆپۆزسیۆن."

وتیشی،" بوونی ئۆپۆزسیۆن حاڵەتێکی تەندروستە، بەڵام پێویستە ئەو لایەنانەی دەبنە ئۆپۆسیۆن، ئۆپۆزسێۆنێکی بونیاتنەربن و ئەوان ناڵێن پێویستە چاکسازی بکرێت، فەرموون ئەوەتا سەرۆکی حکومەت پرۆژەی چاکسازی هەیە و لەم کابینە درێژەی پێدا و هەنگاوی باشی ناو مەبەستێتی لە کابینەی دەیەم پرۆژەی بەردەوامبێت و بکاتە کۆتایی."

ئەشواق جاف باسی لەوەشکردووە، پارتی پاشکۆیەتی ناوێت و کەس نابێتە پاشکۆی گەر پاڵپشتی پرۆژە چاکسازیەکە بکەن، ئەوەشی دەکرێت پێویستە لە کابینەی دەیەمدا هەنگاو بە دوو ئاراستە بنرێت، لەلایەک کارکردن لەسەر نەهێشتنی ئەو گرفتانەی لەنێوان کوردستان و بەغدان و چارەسەرکردن و جێبەجێکردنی ئەو مادانەی کە لە دەستوردا هاتوون، تا مافی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێن و لەلایەکی دیکە پاڵپشتی درێژەدان بە پرۆژە چاکسازیەکەی حکومەت.

ڕۆژی 16ی مانگی یەکی 2020، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 15ی ئاسایی خۆیدا، ئەندامی پەرلەمان بە کۆی دەنگی زۆرینە دەنگیان لەسەر پرۆژە یاسای "چاکسازی لەموچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان"دا و پرۆژە یاساکە کرا بە یاسا.

لە یاساکەدا هاتووە ئامانج لە دەرچواندنی یاساکە لە پێناو ڕێکخستنی بواری وەزیفی گشتی و خانەنشینیە لەسەرجەم بوارەکانی شارستانی و پێشمەرگایەتی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە، هەروەها تەرخانکراوانی چاودێری کۆمەڵایەتی و بەرپاکردنی دادپەروەری و یەکسانی لە خەرجکردنی موچە و دەرماڵەی بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتیەکان و ڕێگەگرتن لە سود وەرگرتنی ناڕەوا و نایاسایی لە تەرخانکراوەکانی بودجەی گشتیدا.

د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاشیگەیاندووە،" لە کابینەی نۆیەم زۆر دژایەتی پرۆژە چاکسازیەکەی سەرۆکی حکومەت کرا و گرفتی زۆریان بۆ دروستکرد و ڕێگای زۆر سەختی بڕی، بەڵام هەنگاوی باشی نا و لەلایەک پرۆژەی چاکسازی جێبەجێ دەکرد لەلایەکی دیکەوە گفتۆی دەستوری دەکرد لەگەڵ حکومەتی عێراقی و پێویستە لە کابینەی دەیەم هەموان پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت ببن بۆ بەردەوامبوونی پرۆژەی چاکسازی و گفتوگۆی دەستوری لەگەڵ حکومەتی عێراق."

وتیشی،" لیژنەکان هەموو ئامادەکاریەکیان کردووە و کۆبوونەوە زۆر کراوە و بەوهیوایەیەن لە کەمترین کاتدا کابینەی دەیەم پێکبێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکایەکی خێرادا ڕوودەدەن."

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی مانگی دەی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو و دواتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی و 5 کورسی بۆ کۆتاکان و کورسیەکانی دیکەش بەسەر لایەنە سیاسیەکانی دیکە دابەشبوو. 

ڕۆژی 16ی مانگی یەکی 2025، دوور لە چاوی میدیاکان هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە. هەرچەندە بەشێک لە میدیا ناوخۆیی و عێراقیەکان باسیان لە دابەشکاری پۆستەباڵاکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرد لە نێوان هەردوولایەندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP