دواین هەواڵ

کلتور‌

 15/03/2024

محەمەدی مەلا کەریم؛ زانای ئەدەب!

خەلیل عەبدوڵڵا

مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم زانایەكی گەورەی بواری ئەدەبی‌و كەلتووری كوردستانە‌و لە رشتەكانی نوسین‌و وەرگێڕان‌و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی خزمەتێكی زۆری بەكاروانی رۆشنبیریى كوردستان كرد‌و وەك قەڵەمێكی ئازا‌و پێشكەوتنخواز لەدەرگایەكی گەورەوە چووە لاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردستانەوە‌.

مامۆستا محەمەدی مه‌لا كه‌ریم لە رۆژی 14ی ئابی 1931 لەناحیەی بیارەی سەر بەهەڵەبجە لەدایك بووە.

لەئامێزی خانەوادەی مودەڕیسدا پەروەردە بوو كە بنەماڵەیەكی شكۆداری ئاینیی زانستپەوەر‌و ئەدەبپەوەر بوون‌و لەسەردەستی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسی باوكی‌و زانا ئایینیەكانی دیكە دەرسە ئایینەیەكانی خوێند‌و مۆڵەتی مەلایەتیی وەرگرت‌و بەڵام كاری مەلایەتی نەكرد‌و خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی كەلتوری گەلەكەی.

مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم كەسێكی چەپ‌و خاوەن بیرێكی پێشكەوتنخواز‌و شارستانی بوو، بەهۆی بیرو بۆچوون‌و هەڵویستە سیاسی‌و نیشتمانییەكانییەوە تووشی راونان‌و زیندان‌و ئازاردان بوو، بەڵام هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەدا‌و لەسەر باوەڕەكەی خۆی سوور بوو، تەنانەت زیندانیشی وەك قوتابخانەیەك‌و وێستگەیەكی تێكۆشان‌و كاركردن سەیر ئەكرد، هەر بۆیەش كونجی زیندانیشی بۆ خزمەتی نوسین وەبەرهێنا‌و كتێبه‌كانی ( جەنگاوەرێكی ڤێتنامی)‌و (لاوك‌و حەیران)ی لەزیندان وه‌رگێراو نووسی.

مامۆستا محەمەد وەك لێكۆڵیارێك خزمەتێكی فرەی بەئەدەبی كوردی كردووە‌و دیوانی چەند شاعیرێكی گەورەی كوردی ساغ كردۆتەوە‌و بەچاپی گەیاندوون‌و لە فەوتان رزگاری كردوون، لەوانە( مەولەوی، نالی، مەحوی، حاجی قادری كۆیی، سالم، بێسارانی، گۆران‌و بێخود)ی چەندان كاری ناوازەی دیكە.

زمانەكانی عەرەبی‌و فارسی بەباشی زانیوە‌و ئەوەش هاوكارێكی باشی بووە بۆ ئەوەی وەك وەرگێڕیكی بەسەلیقە خزمەت بكات‌و لەو بوارەشدا شوێن پەنجەی دیارە.

مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەرانی كورد‌و سكرتێری نوسینی گۆڤارەكەی بوو، وەك نوسەرو رۆژنامەنوسێكی بەتوانا لەو گۆڤارە‌و رۆژنامە‌و گۆڤارەكانی تر خزمەتی كرد‌و چەندین وتارو لێكۆڵنەوەی زانستی بەپێزی پێشكەش كرد.

ماوەیەكی زۆریش ئەندامێكی چالاكی كۆڕی زانیاری كورد بوو، لەرێی ئەو كۆڕە‌و گۆڤارەیەكەوە خزمەتی زۆری بەئەدەب‌و كەلتوری كوردی كرد.

دواتریش ئەندامی ئەکادیمیای کوردی بووەو لەرێی ئەو دەزگایەوە خزمەتی کردووە.ئەم زانا ناودارەی كورد نزیكەی نیوسەدە لەتەمەنی خۆی بەخزمەتی ئەدەب‌و روناكبیریی كوردستان بەخشی‌و خاوەنی زیاتر لە 20 كتێبی ناوازە‌و دەیان وتارو لێكۆڵینەوەی بەنرخە.

ئەم زانا پایەدار‌و پێشكەوتنخواز‌و بیر رۆشنەی كوردستان، پاش ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشی بەرەبەیانی 12ی ئاداری 2017 بۆ دواجار لەشاری سلێمانی چاوەكانی لێكنا‌و ئۆغری كرد‌و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراو چووە دنیای نەمرانەوە.

درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی محەمەدی مەلا كەریم ئەو پیاوەی بیرو قەڵەمەكەی بەپاكی‌و درەوشاوەیی مایەوە‌و هیچ زروف‌و زەمانێك كاری تێنەكرد‌و وەك سوڵتانی ئەدەبی كوردی چووە دیرۆكەوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP