هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر هێڵی گەرمی گواستنەوەی جیهانیی مادەی هۆشبەر" ئەمە وتەى بەرپرسێکی باڵای نەهێشتنى مادە هۆشبەرەکانى هەرێمی کوردستانە کە بە میدیاکانى ڕاگەیاندوە.
مادەى هۆشبەر دەردە بێدەرمانەکەى جیهان خەریکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگە پێى خۆی دەکاتەوە و بەکارهێنان و بازرگانى پێوەکردنى لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە،
ئامارە ترسناکەکانى دەزگا تایبەتەکان ئەوە ڕادەگەیەنن کە ئەگەر زوو فریانەکەوین و دەرگاى خۆمان کڵۆم نەدەین و کار بۆ دروستکردنى بەربەست و چارەسەرنەکرێت لەچەند ساڵی داهاتودا خێزانێک نامێنێت ئەم مەترسییەى ڕوبەڕوو نەبێتەوە.
عێراق زۆنگی مادەی هۆشبەر:
لیوا خالد مهحهننا وتهبێژى وهزارهتى ناوخۆى؛ عێراق دەڵێت، تهنها لهماوهى 8 مانگى 2023 دا زیاتر له12 ههزار بازرگانو فرۆشیارى ماده هۆشبهرهكان لهسهرتاسهرى عێراق دهستگیركراون و دهیان تۆن مادهى هۆشبهر لهناوبراون كه بهڕێگهى قاچاغ هاوردهى عێراق كراونو ههوڵدراوه لهناوخۆدا ساغبكرێتهوه.
بەگوێرەى بەدواداچونەکانى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەری عێراق، نزیکەی 80٪ی مادە هۆشبەرەکە لە ناوچەکەدا، لە سوریا سەرچاوە دەگرێت و بە تورکیا، عێراق، ئوردن، لوبنان و سعودیە بڵاوبووەتەوە، بەڵام ڕایاننەگەیاندوە ئایا بەرهەمی ناوخۆییە یان لەڕێگەیەکى دیکەوە دەبرێتە ئەو وڵاتەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی عێراق دژی بازرگانانی مادەی ھۆشبەر، وایانکردووە بازرگانانی ئەو بوارە، رێگەی نوێ بۆ گەیاندنی مادەی ھۆشبەر بۆ نێو بازاڕەکان و ئاڵوودەکردنی خەڵکی زیاتر بدۆزنەوە لەوانەش:
جگەرەی ئەلیکترۆنی، ڤەیپ و نێرگەلەو زۆربەى لەنێو کافتریاى گەڕەکە هەژارنشینەکان بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن و سەرەتاش بەبێ بەرامبەر دەدرێتە گەنج و تازەپێگەشتوەکانو تەنانەت بۆ بردنە دەرەوەى لە سنورەکان درۆنى گەورە و بچوک بەکاردەهێنن کە تواناى کۆنترۆڵکردنى زۆر کەمە.
سەیرەکە لەوەدایە لەکاتى بەڕێوەچونى مەراسیمی چلەى ئیمام حوسەینى ئەمساڵى 2023 دا 17 شۆفیرى پاس لە نەجەف کە خەڵکییان بۆ ئەو شارە گواستووەتەوە، پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەرن و دەستگیرکراون.
وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراقیش ڕایگەیاندوە عێراق لە وڵاتی ترانزێتى مادەهۆشبەرەکانەوە بوەتە وڵاتى بەکاربەرى مادەهۆشبەرەکان و ئەوەش مەترسییە گەورەکە لە سەر هەرێمی کوردستانیش دروستدەکات بەو پێیەى هیچ سنورێک لە نێوان هەرێم و ناوەنددا بونى نیەوە بەپێى یاسا سەرانسەری عێراق یەکپارچەیە و هاتوچۆ لەنێوان سنورەکەیدا دیاریکراو نییە و هەر ئەمەش ئەرکی هێزە ئەمنی و تایبەتەکانى مادەى هۆشبەرى قورسترکردووە.
ئامارە مەترسیدارەکانى هەرێم:
لە کوردستانیش بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە بووەتە دیاردە و رۆژانە دەیان کیلۆ لە مادەی هۆشبەر هاوردەی هەرێم دەکرێت و بەشێکیان لە هەرێم ساغ دەکرێنەوە و بەشێکی دیکەیان رەوانەی ناوەڕاست و باشوری عێراقی دەکرێت.
رۆژی 5/9/2023 ، لیژنەى تایبەت بە لەناوبردن و کۆنترۆڵکردنى مادە هۆشبەرەکانى (پارێزگاى هەولێر) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، دەستیانگرتوە بەسەر، زياتر لە 91 کیلۆگرام مادەى كريستاڵ ، 98 کیلۆ مادەی سپی کە گومانى کریستاڵی لێدەکرێت، هیرۆین 21 کیلۆ، تریاک نزیکەى 33 کیلۆ، حەشیش 3 کیلۆ، مادە گیاییە هۆشبەرەکان زیاتر لە 2 کیلۆ، حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر 147 هەزار پارچە حەب ، دەرزی ترمادۆڵ 50 پاکەت، دەرزی هۆشبەر 139 دانە، 632 دانە پایپی کێشانى مادەى هۆشبەر، ئەمە جگە لەو هەموو دەرمانانەى کە ماوەى بەکاهێنانیان بەسەرچووەو هاوردەکراون.
ئەفسەرێکی یاسایی لە بەشی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانیش دەڵێت، لە هەشت مانگی رابردوودا لە سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە 450 بۆ 500 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە. هەروەها نزیکەی 250 کەسیش دەستگیرکراون، کە بازرگان یان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون.
عەقید سامان ئیسماعیل ئەفسەری یاسایی لە بەشی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کردوە، لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە سلێمانی نزیکەی 250 کەس دەستگیرکراون کە زیاتر لە 100 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بووە و ئەوانەی دیکەش بەکارهێنەری مادەکەن.
گوتیشی، نزیکەی 15 بۆ 25 کەس لە دەستگیرکراوان ئافرەتن، کە سەرجەمیان بەکارهێنەر بوون.
وەک ئەو ئەفسەرەی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر دەڵێت، تەمەنی گەنجترین ئالوودەی مادەی هۆشبەر کە لە سلێمانی دەستگیرکراوە، لە نێوان 17 بۆ 18 ساڵ بووە و بەرزترین رێژەی تەمەنیش لە بازرگاناندا 50 بۆ 55 ساڵ بووە.
هەرچەندە لە ساڵانى ڕابوردودا چەندین کێڵگەى بەرهەمهێنانى مادەى هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام پێناچێت کۆتایی بەو حاڵەتە هاتبێت و بونى ئەو هەموو کێڵگە تایبەت و باخە سیاجکراوە بێ پشکنینانە، گومانەکان چڕتر دەکەنەوە، بەپێى لێدوانى بەرپرسانى بوارەکە لەناو ئەو مادانەى دەستیان بەسەردا گیراوە تۆوى مادەى هۆشبەرى تێدا بوە، کە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى مادەى هۆشبەر خەریکەى لە هاوردەکردنەوە هەنگاو بەرەو وەبەرهێنان هەڵبگرێت، کە قۆناغێکی مەترسیدارە.
جگە لە ڕێگەى ڕاستەوخۆی بەکارهێنانى مادە هۆشبەرەکان کە هەریەکەیان ڕێککارو شێوازی تایبەت بەخۆی هەیە، نێرگەلە، ڤایپ، جگەرەی ئەلیکترۆنی، رێگەیەکی دیکەن بۆ ئالوودەبوونی خەڵک بە مادەی ھۆشبەر، تەنانەت ئەوانەشی دەیفرۆشن نازانن مادەکانی نێویان چییە و چ کاریگەرییەکی ھەیە، بەڵام لەدواى بەکارهێنان دەزانرێت چ کاریگەرییەکی هەیەو گەنجەکان سەرمەست و ئالودەدەکەن.
سەنتەرى شیاندنەوە کە بو شوێنانە دەگوترێت بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەر تیایدا دەخرێتە ژێرچاودێری و چارەسەر هێشتا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک نییە دەرەقەتى ئەو هەموو نەهامەتییانە بێت کە رۆژانە بۆ خێزانەکان دروستدەبن، هەربۆیە ئەو ژمارانەى کە هێشتا بەهەر هۆکارێکى کۆمەڵایەتى و سیاسی ئاشکرا نەکراون خوازیارى ئەوەن هەرچى زوترە پەلە لە دروستکردنى ئەو سەنتەرانە بکرێت و چالاک بکرێن.